رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق رایدەگەیێنیت، فەرمانگەکانی دادنووسی هەرێمی کوردستان سەربەخۆن و گرێدراو نین بە وەزارەتی دادی فیدراڵییەوە. هاوکات رەتیدەکاتەوە، بریکارنامەکانی هەرێمی کوردستان پەسند نەکەن.
رۆژی پێنجشەممە 02-01-2025 ئەحمەد لعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق لە بەغدا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کار و چالاکییەکانی ساڵی رابردوو (2024)ی وەزارەتەکەی خستەڕوو.
لعێبی باسی دیارترین خزمەتگوزارییەکانی وەزارەتەکەی کرد، لەوانەش خزمەتگوزارییەکانیان لە رێگەی دەروازەی ئەلیکترۆنیی ئور، خزمەتگوزاریی کردنەوەی دۆسیەی ئەلیکترۆنی، نووسراوەکانی راستاندن، کاراکردنی سیستمی راستاندنی دەرەکی، پاراستنی تۆمارەکانی تۆماری خانووبەرە و تاپۆی ئەلیکترۆنی.
گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق گوتی، "قەدەخە لەسەر موڵک و ماڵ بە ئەلیکترۆنی کراوە، کە پێشتر 5 بۆ 6 مانگی دەخایاند، بەڵام ئێستا لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە بە چەند کاژێرێک ئەو قەدەخەیە لە هەموو فەرمانگەکانی عێراق هەڵدەگیرێن."
بە گوتەی ئەحمەد لعێبی، ئێستا هەموو بەندیخانەکان لەڕووی ئەلیکترۆنییەوە بە ناوەندەوە بەستراونەتەوە، وەزارەت یەک داتای یەکگرتووی ناوەندیی لەبارەی هەموو زیندانییەکان هەیە و، کارتی ئەلیکترۆنی بۆ زیندانییەکان کراوە بۆ کڕینی پێویستییەکانیان لە کافتریای بەندیخانەکان.
سەبارەت بە سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنی ئەوەی خستەڕوو کە لە هەموو فەرمانگەکانی دادنووسی جێبەجێ کراوە.
هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە کۆنگرەکەدا پرسیاری کرد، بۆچی ئەو بریکارنامانە پەسند ناکرێن کە لە فەرمانگەکانی دادنووسی هەرێمی کوردستانەوە دەردەچن؟ هەروەها بۆچی وەزارەتی دادی فیدراڵی ئەو بەڵگەنامە و نووسراوانەی هەرێمی کوردستان پەسند ناکات، کە بە زمانی کوردین؟
گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق لە وەڵامدا گوتی، "فەرمانگەکانی هەرێمی کوردستان بە فەرمانگەکانی ناوەندییەوە گرێدراو نین، تاڕادەیەک سەربەخۆن، بەڵام لە رێگەی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە بەغدا هاوئاهەنگیی باڵا هەیە."
گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق نەیشاردەوە، "رەنگە رێکاری رۆتینی هەبێت بۆ راساندن و پشتڕاستکردنەوەی نووسراوەکان و وردبینیی ئەمنی، چونکە ئەمانە لە ژێرباری راستاندن و دروستیی فەرمانگەکانمان نین لە ناوەند. رەنگە پرسەکە پەیوەندیی بە راست و دروستیی بەڵگەنامەکانەوە هەبێت، بەڵام بە هیچ شێوەیەک شتێک نییە بەناوی پەسندنەکردنیان. ئێمە بەڵگەنامەکانی دەرەوەی وڵات پەسند دەکەین، ئەگەر پەسند و راستاندنیان بۆ کرابێت، چجای کوردستان، کە بەشێکی دانەبڕاوی عێراقە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ