رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژهەڵاتی شاری بەغدا لەسەر منداڵ شەڕ روویدا و بەو هۆیەوە 6 کەس کوژران و برینداربوون. پۆلیس دەڵێت، 13 کەسیان دەستگیرکردووە.
شەڕەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 01-01-2025 لە ناوچەی حوسێنییە لە شاری بەغدا روویدا. بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، "شەڕەکە لەسەر منداڵ دروستبووە و لە ئەنجامدا 4 کەس کوژراون و دوو کەسی دیکە برینداربوون".
عامر داوود فەیلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە بەغدا و ناوچەکانی دیکەی عێراق رووداوی لەم شێوەیە دووبارە دەبنەوە؛ یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەیە چەک بەدەست خەڵکەیەوە.
بە گوتەی ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، لە بەغدا ماڵ نییە چەکی نەبێت و هەربۆیە لەکاتی دروستبوونی هەر گرژی و دەقەقاڵێیەک پەنا بۆ چەک دەبردرێت.
تیمێکی هاوبەش لە دەزگا ئەمنییەکان پێکهێندراوە و بەدواداچوونیان کردووە و وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت: "13 تۆمەتبار دەستگیرکراون. 4 کلاشینکۆف و دەمانچەیەک دەستیان بەسەرداگیراوە".
تۆمەتبارەکان رادەستی لایەنی پەیوەندارکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ