وەزارەتی کارەبای عێراق بۆ هاووڵاتییان: قەرز وەربگرن و کارەبا بە وزەی خۆر دابین بکەن

02-01-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کارەبای عێراق هانی خەڵک دەدات، کە قەرز وەربگرن بۆ دانانی سیستمی بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە.
 
ئەحمەد مووسا عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 02-01-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی حکومەتی عێراق بۆ وزەی پاک، بانکی ناوەندی قەرز دەداتە هاووڵاتییان بۆئەوەی سیستمی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر لە ماڵەکانیان دابنێن.
 
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، ئەم کارە بۆ کەمکردنەوەی ئەو بارگرانییەیە کە لەسەر کارەبا هەیە و هانی هاووڵاتییان دەدەن، ئەو قەرزە لە بانکی ناوەندیی عێراق وەربگرن بۆ دانانى سیستمی پانێڵی بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەى وزەی خۆرەوە.
 
بانکی ناوەندیی عێراق، بۆ ئەو پرۆژەیە سەرووی دوو تریلیۆن دیناری تەرخانکردووە، هاووڵاتییان دەتوانن قەرز وەربگرن، بۆئەوەی ئەو سیستمە بکڕن و لەسەر بانی ماڵەکانیان دایبنێن.
 
خواست و بارگرانییەکی زۆر لەسەر کارەبای نیشتمانی هەیە و وەکو ئەحمەد مووسا عەبادی دەڵێت، "بەش ناکات،" بەتایبەتی بۆ وەرزی هاوینی داهاتوو، بۆیە هانی هاووڵاتییان دەدەن سوود لەو قەرزە وەربگرن و ئەو پانێڵە دابنێن.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت، ئێستا بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق 18 هەزار و 700 مێگاواتە؛ لە کاتێکدا پێویستیان بە زیاتر لە 48 هەزار مێگاواتە.
 
2ى تەممووزی 2024 دەستەى وەبەرهێنانى عێراق یەکەم مۆڵەتى وەبەرهێنانى دایە کۆمپانیاى تۆتاڵ ئینێرجیى فەرەنسى، بۆئەوەى کارەبا لە رێگەى خۆرەوە بەرهەم بهێنێت، کە لە کێڵگەى نەوتى ئەرتاوى بەسرە دەبێت و 1000 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە