رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرانی وانەبێژانی خەڵکی شنگال کە لە قوتابخانە حکومییەکانی سەر بە عێراق کاردەکەن، ئەمڕۆ لە دهۆک گردبوونەوە، ئەوان لە ساڵی 2019ـەوە وانەبێژن و دەڵێن ئەگەر دانەمەزرێندرێن، بایکۆت دەکەن.
سەعد حوسێن، یەکێکە لە وانەبێژەکان و بە رووداوی گوت "ئەمڕۆ رامانگەیاند و دەواممان بایکۆت کرد. ئیدی دەوام ناکەین هەتاوەکو شتێکی راستەقینەمان بۆ نەکرێت. ئێمە هیچ بەڵێنێک قبوڵ ناکەین، چونکە لەوە رەتمانداوە، لە 2019ـەوە تاوەکو ئێستا هەر بەڵێن و بەڵێن دەدرێن.''
ژمارەی وانەبێژانی شنگال لە پارێزگای دهۆک، 500 وانەبێژە هەروەها نزیکەی 600 وانەبێژ دانیشتووی شنگالن و چاوەڕێی دامەزراندنن.
وانەبێژێکی دیکە بەناوی عەبیر جەلال دەڵێ "ئێمە وانەبێژی بێبەرامبەرین لە 2019ـەوە تاوەکو ئێستا، ئەوە بووە ساڵی 2024 و مافی خۆمان وەرنەگرتووە، کەس یارمەتیمان نادات، دێینە ئێرەش (نوێنەرایەتیی پەروەردەی نەینەوا لە دهۆک) کەس لەگەڵمان ناوەستێت.''
نوێنەرایەتیی پەروەردەی نەینەوا لە پارێزگای دهۆک بە رووداوی گوت، ئەوان نووسراوی دامەزراندنی وانەبێژانیان بەرزکردووەتەوە و چاوەڕێی وەڵامن.
لەنێو کەمپی ئاوارەکان، خوێندنی کوردی و عەرەبی هەیە، قوتابخانەکانی خوێندنی عەرەبی سەر بە حکومەتی عێراقن، بەڕێژەی جیاواز مامۆستای وانەبێژیان هەن، هەندێک لەو قوتابخانانە زیاتر لە نیوەی مامۆستاکانیان وانەبێژن و ئەگەر دەوام نەکەن، کاریگەریی لەسەر پرۆسەی خوێندن دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ