شیعەکان دەستبەردارى هەموارى یاسای هەڵبژاردن دەبن و بە فرەلیستى بەشداردەبن

24-03-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پێکهێنەرانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى لەسەر هەمووارى یاسای هەڵبژاردن نەگەیشتنە رێککەوتن. بۆیە یاساکە وەک خۆى دەمێنێتەوە. لایەنە شیعەکان بە سێ بۆ چوار هاوپەیمانى لە هەڵبژاردنى پەرلەمانی داهاتوودا بەشداری دەکەن کە رێکارەکانى لە مانگى نیسانەوە دەستپێدەکەن.    
 
دەستبەردارى هەموارکردنى یاساى هەڵبژاردن بوون
 
گفتوگۆى نێوان لایەنە پێکهێنەرەکانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى شیعە بۆ هەموارى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بە بنبەست گەیشت، بەو پێیە بەگوێرەى ئەو یاسایە دەچنە هەڵبژاردنەوە کاتێک لە ساڵى 2023 لە پەرلەمان هەموارکرا، کە پەرلەمانتارەکانیان تێیدا زۆرینە بوون.
 
سەلام زوبەیدى، گوتەبێژى هاوپەیمانیى نەسر کە یەکێکە لە پێکهێنەرانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى بە رووداوى گوت، "هەموارکردنى یاسای هەڵبژاردن ئەستەم بوو، لەسەر ئەو پرسە رێککەوتن نەکرا، بەتایبەت دوای ئەوەی کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان پێیان راگەیاندین هەر گۆڕانکاریێک لە یاساکەدا بکرێت پێویست بوو بەر لە کۆتایی کانوونى دووەمى 2025 بکرایە. هەندێک لایەن لەگەڵ هەمووارەکە و هەندێکى دیکە دژى بوون؛ بۆیە لایەنەکانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى دەستبەدارى هەموار بوون."   
 
بەگوێرەى یاسا، پێویستە هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى عێراق بەر لە 25ـی تشرینى دووەمى ئەم ساڵ بکرێت.
 
سەلام زوبەیدى گوتى، "بە هەمان ئەو سیستمە، هەڵبژاردنى پەرلەمان دەکرێت کە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگەکانى 2023ـی پێکرا، بەڵام ئەگەر رەوتى سەدر بڕیارى بەشدارى بدات و داوا بکات گۆڕانکاری لە یاساکەدا بکرێت، رەنگە دۆخەکە بگۆڕدرێت." 
 
تاوەکو ئێستا، رەوتى سەدر بە فەرمى بەشداریکردن یان نەکردنى لە هەڵبژاردنى داهاتوو رانەگەیاندووە، ئەگەرچى موقتەدا سەدر، سەرۆکى رەوتى نیشتمانى شیعە لایەنگرانى هانداوە بۆ ئەوەى تۆمارى دەنگدەرانیان نوێ بکەنەوە. 
 
پێچەوانەى هەڵبژاردنى 2021ـی پەرلەمانى عێراق، بەگوێرەى هەموارى یاساى هەڵبژاردنى ساڵى 2023، عێراق کراوەتە 18 بازنە.
 
ئەبومیساق مەسارى، ئەندامى مەکتەبی سیاسیى رێکخراوى بەدر بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "پێشنیاز هەبوو هەموارى یاساکە گۆڕانکاریی تێدا بکرێت بەوەى بەغدا، بەسرە و نەینەوا هەریەکەیان بکرێنە دوو بازنە، بەڵام ئەو هەموارە نەکرا، بەهۆى ئەوەى ماوەیەکى کەم لەبەردەم کۆمیسیۆن ماوە."  
 
شیعەکان دەبنە فرەلیست 
 
پێکهێنەرانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى لەسەر ئەوە رێکنەکەوتوون بە یەک لیست لە هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى عێراق بەشداربن، سەرەڕاى ئەوەى ئێستا لە پەرلەمان وەک یەک فراکسیۆن مامەڵە دەکەن. 
 
بە گوتەى سەلام زوبەیدى، دەوڵەتى یاسا و عەسائیبی ئەهلى حەق، یەکلایی بوونەتەوە کە بەجیا بەشداربن لە هەڵبژاردن و دواى جەژنى رەمەزان، گفتوگۆى کۆتایی لەنێوان لایەنەکانى دیکە دەکرێت بۆ یەکلاییکردنەوەى هاوپەیمانیێتییەکان.
 
لە هەڵبژاردنى پێشووى پەرلەمانى عێراق، لایەنە شیعەکان زیاتر لە 6 هاوپەیمانیێتیی سەرەکییان هەبوو و زۆرینەى کورسییەکانى پەرلەمانیان بەدەستهێنا. 
 
ئەبو میساق مەسارى ئاماژەى بەوەکرد، تاوەکو ئێستا دۆخەکە وایە؛ لایەنە شیعەکان بە سێ بۆ چوار هاوپەیمانى لە هەڵبژاردندا بەشدار دەبن: دەوڵەتى یاسا بە تەنیا، عەسائیبی ئەهلى حەق بە تەنیا، هاوپەیمانیى فەتح لەنێوان بەدر و ئەنجوومەنى باڵا دەبێت؛ هاوپەیمانیى هێزەکانى دەوڵەتى نیشتمانى بە بەشداریی رەوتى حیکمە و هاوپەیمانیى نەسر دەبێت. 
 
ئامادەکارى دەستپێدەکات
 
بەگوێرەى پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بۆ هەر هەڵبژاردنێک، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق پێویستى بە شەش مانگ ئامادەکارییە. سەرچاوەیەکى بەرپرسی کۆمیسیۆن بە رووداوى گوت، "ئەو شەش مانگە تەنیا بۆ قۆناخى جیبەجێکردنی خشتەى کارى کۆمیسیۆنە." 
 
ئەمڕۆ (دووشەممە، 24ـی ئادارى 2025) جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە رووداوى گوت، "لە 25ـی ئادارەوە بۆ مانگێک نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران دەستپێدەکات کە دەنگدەرانى نوێ، گۆڕانکاری، راستکردنەوە، دەنگدەرانى ئاوارە و هێزە ئەمنییەکان دەگرێتەوە". 
 
ئەو هەنگاوە، یەکەمین قۆناخی ئامادەکارییە بۆ هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى عێراق، بۆ زانینى ژمارەى ئەو کەسانەی دەتوانن دەنگ بدەن.  
 
بەگوێرەى زانیارییەکانى رووداو کە لە کۆمیسیۆنەوە دەستى کەوتوون، لە مانگى نیساندا خشتەى کاریان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمان عێراق ئامادە دەبێت و لەلایەن ئەنجوومەنى کۆمیسیارانەوە پەسند دەکرێت بۆ ئەوەى جێبەجێ بکرێت.  
 
یەکەم هەنگاوى کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردن بریتییە لە نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران و بە دوایدا تۆمارکردنى ناوى هاوپەیمانیێتییەکان دەستپێدەکات.
 
گوتەبێژى هاوپەیمانیى نەسر گوتى، "ئەوەى پێمان گەیشتووە ئەوەیە؛ تاوەکو مانگى ئایار دەرەفەت لەبەردەستە بۆ ئەوەى هاوپەیمانیێتییەکان یەکلایی بکرێنەوە و لە کۆمیسیۆن تۆمار بکرێن". 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە.

دادگە بڕیاری گەڕانەوەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالەی بۆ پۆستەکەی دەرکرد

دادگەی کارگێڕیی عێراق، فەرمانێکی وەلائی بۆ گەڕانەوەی عومەر کروی، بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دەرکردووە. ئەندامێکی ئەنجوومەنەکەش دەڵێت، کروی پێشتر بڕیارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکەی ساختە کردووە و نابێت بچێتەوە ئەو پۆستە.