پڕۆژەیاسای نوێى حەشدی شەعبی؛ کارى سیاسی قەدەخەیە و بێ فەرمانى سەرووى خۆى ئۆپەراسیۆن ناکات

24-03-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

داڕشتەى نوێى پڕۆژەیاسای دەستەى حەشدی شەعبی رێگرى لە چالاکیی سیاسی و ئەندامبوونى چەکدارەکانى لە پارت و رێکخراوەکان دەکات؛ ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنیشی گرێداوە بە رەزامەندیی فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە؛ دەستەکە دەبێتە خاوەنى ئەکادیمیای سەربازى.
       
ئەمڕۆ (دووشەممە، 24ـی ئادارى 2025) پەرلەمانى عێراق خوێندنەوەى یەکەم بۆ پڕۆژەیاساى حەشدی شەعبی دەکات، ئەگەرچى پێشتر پڕۆژەیاسایەکى دیکە بۆ هەمان مەبەست لە پەرلەمان تاوەکو قۆناخى دەنگدان گەیشت، بەڵام بەهۆى ناکۆکى لەسەرى، دەنگى لەسەر نەدرا.  
 
پڕۆژەیاساکە دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە و ناوەکەى گۆڕدراوە و کراوە بە "یاساى دەستەى حەشدى شەعبی" لە کاتێکدا لە پڕۆژەکەى پێشوو، ناوى "خزمەت و خانەنشینیی موجاهدینى حەشدی شەعبی" بوو.
 
پڕۆژەکە لە 18 مادە پێکهاتووە، لە کۆبووونەوەى 25ـی شوباتى 2025ـی ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق پەسند کرا، دواى ئەوەى پڕۆژەکەى پێشووى کشاندەوە.
 
لەو پڕۆژەیاسایەدا حەشدی شەعبی وەک بەشێک لە هێزە چەکدارەکانى عێراق پێناسەکراوە و بەستراوەتەوە بە فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە. 
 
ئەرکەکانى چى دەبن؟ 
 
بە گوێرەى مادەى دووى پڕۆژە یاساى دەستەى حەشدى شەعبی، ئەرکى ئەو هێزە "پارێزگارى" دەبێت "لە سیستمى دەستووری و دیموکراسی لە عێراق، بەرگرى لە وڵات دەکات و کار لەسەر رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دەکات". 
 
ئەو دەستەیە، پێویستە رۆڵ لە پاراستنى ئاسایشى نیشتمانى و بونیاتنانى دەزگایەکى سەربازى پڕاوپڕ لەڕووى پڕچەککردن و مەشق و بەردەوامى پەرەپێدانەوە بگێڕێت.
 
پێویستە هێزەکانى سەر بەو دەستەیە ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانە ئەنجام بدەن، کە لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە پێیان رادەسپێردرێت؛ هەروەها ئەندامانی ئەو دەستەیە کە پڕۆژەیاساکە بە "موجاهید" ناویان دەبات، بە نوێترین تەکنەلۆژیاى سەربازى پڕچەک دەکرێن و بەرپرسەکانیشی، راوێژ دەدەنە حکومەت لەو پرسانەى پەیوەندییان بە ئاسایشى نیشتمانییەوە هەیە.
 
بە گوێرەى پڕۆژەیاساکە، دەبێت هاوکارى لەگەڵ وەزارەتەکانى بەرگرى و ناوخۆ و دامەزراوەکانى دیکەش هەبێت.
 
سەرۆکێک و 16 فەرمانگە  
 
سەرۆکى دەستەکە باڵاترین دەسەڵاتە و بەرپرسە لە کێشانى سیاسەتى کارکردنى دەستەکە و، چاودێرى چالاکییەکانى دەبێت.
 
ئەو کەسەى ئەو پۆستە وەردەگرێت، پێویستە خاوەنى ئەزموون بێت و لانیکەم هەڵگرى بڕوانامەى زانکۆ بێت؛ رێنمایی و رێکارە نێوخۆییەکانى دەستەکە و بڕیار و فەرمانەکان لەوەوە دەردەچن لەوەى کە پەیوەندارن بە دەستەکە و پێکهاتەکانى لە رووى کارگێڕى، تەکنیکی و دارایی و رێکخستنەوە. 
 
سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبی پلەى وەزیر دەبێت، هاوکات ئەندامى لیژنەى ئاسایشى نیشتمانی دەبێت، دەتوانێت هەندێک لە دەسەڵاتەکانى بداتە سەرۆک ئەرکان یان ئەمیندارى گشتى، هەروەها پێویستە دەسەڵاتى وەزیرى بەرگرى جێبەجێبکات لە جێبەجێکردنی یاسا سەربازییەکان لەسەر چەکدارەکانى دەستەکە. 
 
ئەو پێکهاتانەى سەر بە سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبین 16 فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتین، لەوانە سەرۆکایەتیی گشتى ئەرکان، ئەمینداریێتى گشتى، فەرمانگەى کارگێڕى و دارایی، کۆمپانیاى موهەندیس بۆ بەڵێندەرایەتى. 
 
سەرۆک ئەرکانى دەستەى حەشدی شەعبى پێویستە بڕوانامەى زانکۆى هەبێت، خزمەتى لە 10 ساڵ زیاتر بێت لەو دەستەیە، ئەفسەر بێت بە پلەى فەریق روکن؛ ئەمیندارى گشتیش دەبێت 10 ساڵ خزمەتى لەو دەستەیە دا هەبێت و بەپلەى فەریقى یەکەم بێت. 
 
بەگوێرەى پڕۆژەیاساکە، دەستەى حەشەدی شەعبی ئەکادیمیایەکى سەربازى دەبێت بەناوى حەشدى شەعبی، هاوشێوەى ئەو ئەکادیمیایانەى مەشق کە وەزارەتەکانى بەرگرى و ناوخۆ هەیانە، دەرچووانى ئەو ئەکادیمیایە بڕوانامەى بەکالۆریۆسیان پێ دەدرێت لە زانستە سەربازییەکاندا.
 
دەستەکە راوێژکارێک یان زیاترى دەبێت کە نابێت لە سێ کەس تێپەڕن، بۆ راوێژپێکردنیان لەلایەن سەرۆکى دەستەکەوە.
 
کارى سیاسى قەدەخە دەکرێت
 
بەگوێرەى پڕۆژەیاساکە، نابێت کارمەندانى دەستەى حەشدی شەعبی سەر بە هیچ پارتێک یان رێکخراوێکى سیاسی بن؛ نابێت لە هیچ چالاکییەکى حیزبی و سیاسیدا بەشدار بن. 
 
هەژمارە داراییەکانى دەستەى حەشدی شەعبی لەلایەن دیوانى چاودێریی داراییەوە وردبینىان بۆ دەکرێت. 
 
كۆتايی بە یاسایەکى 9 ساڵ لەمەوبەر دەهێنێت
 
لە پڕۆژەیاساکەدا هاتووە؛ دەستەى حەشدی شەعبی دواى دەرچوواندنى یاساکە، دەچێتە ژێر رێکارەکانى ئەو یاسایەوە، لەبرى یاساى دەستەى حەشدی شەعبی ژمارە 40ـی ساڵى 2016.
 
یاسای ژمارە 40 لەسەروبەندى شەڕى داعش لە پەرلەمانی عێراق پەسندکرا، تەنیا بۆ دیاریکردنى چوارچێوەیەکى یاسایی دروستکردنى دەستەى حەشدی شەعبی بوو.
 
بەگوێرەى پڕۆژەیاساى نوێى دەستەى حەشدی شەعبی، هەموو ئەرک و مافێکى کارمەندانى ئەو هێزە بەگوێرەى یاساکەى پێشوو دەگوازرێتەوە بۆ دەستە نوێیەکە و بە پەسندکردنى ئەم پڕۆژەیاسایە، یاساکەى ساڵى 2016 هەڵدەوەشێتەوە و لە رۆژى بڵاوکردنەوەى لە رۆژنامەى فەرمى دەست بەجێبەجێکردنى دەکرێت.
 
پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی

 

پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی

پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی

پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی

پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی

پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی

پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی

پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی

پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە.

دادگە بڕیاری گەڕانەوەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالەی بۆ پۆستەکەی دەرکرد

دادگەی کارگێڕیی عێراق، فەرمانێکی وەلائی بۆ گەڕانەوەی عومەر کروی، بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دەرکردووە. ئەندامێکی ئەنجوومەنەکەش دەڵێت، کروی پێشتر بڕیارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکەی ساختە کردووە و نابێت بچێتەوە ئەو پۆستە.