رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی خشتەی کاری پەرلەمانی عێراق، بڕیاربوو کاژێر 08:00ـی ئەمشەو، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و بڕگەی یەکەمی دانیشتنەکە دەنگدان بێت لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە. پەرلەمانتارێک دەڵێت، دانیشتنەکە بۆ سبەی دواخراوە.
چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوو جار زەنگی چوونە ژوورەوە لە پەرلەمان لێدرا، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی ژمارەی پێویستی پەرلەمانتاران، دانیشتن دەستی پێنەکرد و بەهەمان خشتەوە بۆ سبەی چوارشەممە دواخرا."
چرۆ حەمەشەریف دەڵێت، نزیکەی 140 پەرلەمانتار ئامادەبوون و رێژەی یاسایی تەواونەکرا.
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، "بەشێک لە پەرلەمانتاران بەهۆی یارییەکەی نێوان عێراق و فەلەستینەوە ئامادەی دانیشتنەکەی پەرلەمان نەبوون."
یاریی نێوان عێراق و فەلەستین لە پاڵاوتنەکانی تایبەت بە گەیشتن بە جامی جیهانی ساڵی داهاتوو لە ئوردن بەڕێوەدەچێت.
هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان وەک چوارەم پارێزگا لە 13-03-2014ـەوە ناسێندراوە.
لە ساڵی 2013 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی ئاراستەی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق کرد و لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسندکرا. 10 ساڵ دواتر و لە کابینەی محەممەد شیاع سوودانی، پڕۆژە یاساکە نێردرایەوە پەرلەمانی عێراق.
پڕۆژەیاساکە لەم خولەی پەرلەماندا خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە و تەنیا دەنگدانی ماوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ