رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق بە سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەڵێت، داوا لە ئێران بکەن واز لە هێرشکردنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان بهێنێت.
بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە بەغدا و نیویۆرک دەستی کەوتوون، رۆژی 16-1-2024 فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە نوێنەرایەتیی حکومەتی عێراق دوو نامەی هاوشێوەی بۆ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و نیکۆلاس دو ریڤیێر، سەرۆکی ئەم خولەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە باڵیۆزی فەرەنسایە و تێیدا باسی لە هێرشە مووشەکییەکەی رۆژی 15-1-2024ی سوپای پاسداران بۆسەر هەولێر کردووە.
رووداو زانیویەتی، ئەو دوو نامەیە لە رێگەی د. عەباس کازم عوبێدی، هەڵسوڕێنەری کاروباری عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان رادەستی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز و نیکۆلاس دو ریڤیێر کراون.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتوون، حکومەتی عێراق لە دوو نامە هاوشێوەکەدا گوتویەتی، رۆژی 15-1-2024 عێراق "رووبەڕووی دووژمنکارییەکی دەرەکی بووەوە کە زیانی بە ماڵ و موڵکی گشتی گەیاند و ئەو لایەنەش کە ئەنجامدەری ئەو دووژمنکارییە بوو بریتی بوو لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بە مووشەکی بالیستی و بە بیانووی بێ بنەما ئەو کارەی کرد."
لە دوو نامە چوونیەکەکەدا هاتووە کە حکومەتی عێراق دەیەوێت ئەم خاڵانە رەچاو و جێبەجێ بکرێن:
یەکەم: ئەوەی کراوە پێشێلکاریی سەروەریی خاک، ئاسایش و دانیشتووانی عێراقە. ئەو هێرشە بالیستییە دژی بنەماکانی دراوسێیەتییە. بیری هەموو لایەکیش دەهێنینەوە کە لە ئاداری 2022یشدا ئێران بە هەمان بیانووی بێ بنەما کارێکی لەو جۆرەی کرد. (مەبەست لێی هێرشکردنە سەر ماڵی شێخ باز بوو لە شاری هەولێر).
دووەم: تەنانەت ئەگەر کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵێت، هەندێک لایەن لەنێو خاکی عێراقدا هەن دژی تارانن، هێشتا مافی ئەوەی نییە ئەم جۆرە کارانە بکات. عێراق ئەندامێکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە و خاوەن سەروەریی خۆیەتی.
سێیەم: عێراق و ئێران پەیوەندییەکی دوو قۆڵی زۆر باشیان لەسەر ئاستی گەل و فەرمی هەیە و هەربۆیە دەبێت بەردەوام راوێژ سەبارەت بەو شتانە بکەن کە ئێران پێی وایە هەڕەشەن لەسەر ئاسایشەکەی.
چوارەم: عێراق مافی خۆی دەپارێزێت لەوەی داوای هەموو مافە یاسایی و ئەخلاقییەکانی بکات لەو بوارەی تایبەتن بەو دەستدرێژییانەی کراونەتە سەری، ئەوەش بە گوێرەی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییە کارپێکراوەکان.
پێنجەم: عێراق داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات کە بە پێی دەسەڵاتەکانیان داوا لە حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکەن واز لەو دەستدرێژییانە بێنێت و رەچاوی گفتوگۆ و سەروەریی عێراق بکات.
هەر لە دوو نامە هاوشێوەکەدا هاتووە، "دەمەوێ داواتان لێ بکەم بۆ ئەم نامەیە بۆ هەموو ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکان گشتاندنی بۆ بکرێت، ئەوەش وەک بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو لە بەڵگەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان".
تۆڕی میدیایی رووداو لەم چەند رۆژی رابردوودا بەدواداچوونی بۆ ئەم بابەتە لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە و رۆژی چوارشەممە، 24-1-2024 نیکۆلاس دو ریڤیێر وەڵامی سینان تونجدەمیر، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی لە نەتەوە یەکگرتووەکان دایەوە و گوتی، "هیچ نامەیەکی عێراقم بەدەستنەگەیشتووە."
ئەو دوو نامەیەی عێراق دوای هێرشە مووشەکییەکەی رۆژی 15-1-2024 سوپای پاسدارانی ئێران هات کە بە 11 مووشەک هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و لە ئەنجامدا 4 هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و 16ـی دیکە بریندار بوون.
ئێران دەڵێت، شوێنە بەئامانجکراوەکە بارەگای دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل- مۆساد بووە، بەڵام حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو تۆمەتە رەت دەکەنەوە.
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق رۆژی سێشەممە، 16-1-2024 رایگەیاند، لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە چوونەتە ماڵی پێشڕەو دزەیی و "دەرکەوت بانگەشەکان کە باس لەوە دەکەن بارەگای مۆساد بووە، راست نین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ