رووداو دیجیتاڵ
سیاسەتمەدارێکی عێراقی دەڵێت، پێشڕەو دزەیی، ئەو سەرمایەدارەی بەهۆی هێرشەکانی مووشەکییەکانی پاسدارانی ئێران لە هەولێر کوژرا 20 ساڵ دەبێت دەیناسێت و تەنیا سەرمایەدار بووە، دەشڵێت، "پەیوەندیی نە بە سیاسەت و نە بە مۆسادەوە نەبووە."
مەشعان جبووری، سیاسەتمەدار و ئەندامانی پێنج خوولی پەرلەمانی عێراق دەڵێت ئەو هێرشانەی کرایە سەر هەولێر شوێنی نیشتەجێبوونیان کردووەتە ئامانج.
لەبارەی پێشڕەو دزەیی یەکێک لەو سێ قوربانییەی بەهۆی هێرشە مووشەکییەی شەوی دووشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی ئێران بۆ سەر هەولێر گیانی لەدەستدا، لە بڵاوکراوەیەکدا لەسەر هەژماری خۆی لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، دەڵێت: "لەبەردەم خوا و خەڵک شاهێدی دەدەم کۆچکردوو، سەرمایەدار پێشڕەو دزەیی کە 20 ساڵ دەبێت دەیناسم پەیوەندیی بە سیاسەت و مۆسادەوە نییە و تەنیا لە بواری گەشەپێدانی خانووبەرە کاردەکات."
هەروەها دەشڵێت: "ئەگەر خانووەکەم تەواوکرابا و تێیدا بوومایە، منیش یەکێک دەبووم لە قوربانییانی ئەو مووشەکانەی ئێران دەڵێت بارەگاکانی ئیسرائیلی کردووەتە ئامانج."
شەوی دووشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2024، ژمارەیەک مووشەک شاری هەولێر و دەورووبەری کردە ئامانج، مووشەکەکان نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر، چەند شوێنێکی دیکەی کردە ئامانج.
سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە گرتە ئەستۆ و رایگەیاند ئەو هێرشانە ژمارەیەک شوێنی کردووەتە ئامانج کە بە"بنکەی تیرۆریستی" و گرووپە دژبەرەکانی ئێران بووە.
بەڵام ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 16-01-2024 لە راگەیێندراوێکدا ئەو تۆمەتانەی ئێرانی رەتکردەوە و رایگەیاند: "سوپای پاسداران رایگەیاندووە، ئەم هێرشە بۆ سەر چەند پێگەیەکی گرووپە دژبەرەکانی ئێران بووە. ئەم بیانووە بێ بنەمایە و رەتی دەکەینەوە، بەداخەوە هەمیشە بیانووی بێبنەما بۆ هێرشکردنە سەر هەولێر بەکار دێنن و هەولێر وەک دەڤەرێکی سەقامگیر هیچ کات سەرچاوەی هەڕەشە نەبووە بۆ سەر هیچ لایەنێک."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ