رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، "زیاتر لە 1400 پڕۆژەی پەکخراو هەبوون، توانیمان لە کەمتر لە دوو ساڵدا نزیکەی نیوەیان تەواو بکەین."
ئەمڕۆ شەممە 22ی ئاداری 2025 محەممەد مەسعودی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری پارێزگاکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاتێک ئەم کابینەیەی حکومەت دەستبەکار بوو، کۆمەڵێکی زۆر پڕۆژەی پەکخراو و بەسەریەکدا کەڵەکەبوو هەبوون، کە ژمارەیان زیاتر لە 1400 پڕۆژە بوو."
محەممەد مەسعودی گوتی، "بە پلاندانان و نەخشەسازیی ورد، توانیمان کارکردن لە زۆرێک لەو پڕۆژە پەکخراوانەدا دەستپێبکەینەوە و ئێستا نزیکەی نیوەیان تەواوکران، کە نەخۆشخانەی 400 قەرەوێڵەیی و قوتابخانەیان تێدایە."
بە گوتەی ئەو راوێژکارەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، "بەشێکی زۆری پڕۆژەکانی کابینەکانی پێشوو، شوێنەکانیان گونجاو نەبوو و دادپەروەرانە بەسەر پارێزگاکاندا دابەش نەکرابوون."
محەممەد مەسعودی یەکێک لە هۆکارەکانی راگیرانی بەشێک لە پڕۆژەکان و نەبوونی توانای دارایی، بۆ دەستپێکردنەوەیان بۆ کەمیی پشکی هەندێک لە پارێزگاکان لە بەشەبودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان دەگەڕێنێتەوە.
لەلای خۆیەوە حەیدەر مەکییە، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانیی عێراق بە رووداوی گوت، "وەکو دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانی، لە ساڵ و نیوی رابردوودا 249 پڕۆژەی پەکخراومان گەڕاندووەتەوە بۆ کارکردن."
لە خشتەی بودجەی ساڵی 2024ـدا 41 تریلیۆن و 524 ملیار دینار وەک بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان دیاریکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ