رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، پڕۆسەی هەژمارکردن و جیاکردنەوەی دەستیی دەنگەکان بەردەوامە و 72 کاژێریان پێویستە بۆ تەواوکردنی پڕۆسەکە. دەشڵێت، "118 سکاڵا و تانە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان تۆمارکراون و هیچیان نەگەیشتوونەتە ئاستی رەنگی سوور کە ببێتە هۆی رەتکردنەوەی ئەنجامەکان."
رۆژی پێنجشەممە، 18-12-2023، حەسەن هادى، ئەندامى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "پڕۆسەی هەژمارکردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بۆ ئەو وێستگە و سندووقانەی کێشەیان لەسەربووە و کێشەیان تێدا بووە، دەستیپێکرد، کە 1758 وێستگەن، بەپێی خشتەی کاری کۆمیسیۆن لەماوەی 70 کاژێر پڕۆسەکە تەواو دەبێت، بۆیە بە ئەگەری زۆرەوە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو یان زووتر ئەنجامی 100٪ـی دەنگەکان رادەگەێیندرێت."
سەبارەت بەو سکاڵا و تانانەی لەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردنەکە تۆماکراون گوتی، " 118 سکاڵا و تانە لەسەر هەڵبژاردن تۆمارکراون، 55ـیان لەسەر دەنگدانی تایبەت و 63یان لەسەر دەنگدانی گشتی بووە، بەڵام هیچیان نەگەیشتووەتە ئاستی سکاڵای رەنگی سوور و پێویست بکات کە ئەنجامی وێستگە یان سندووقەکان پووچەڵ بکرێنەوە، ئەو سکاڵایانەی تۆمارکراون لە رەنگی سەوز و زەرد بوون."
ئەوەشی ئاشکراکرد، "کۆمیسیۆن لە تاوتوێکردنی سکاڵاکاندا 25 سکاڵای رەتکردووەتەوە و بەردەوامن لە تاوتوێکردنی سکاڵاکانی دیکە."
رۆژی 19ـی کانوونى یەکەمى 2023، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى بەرایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى بڵاوکردەوە کە لە 15 پارێزگادا کرا، رۆژی 20ـی مانگ کۆمیسیۆن ئەنجامی 94.4٪ـی دەنگەکانی راگەیاند و ئەوانی دیکەی ماونەتەوە بەدەست هەژماردەکرێن و جیادەکرێنەوە و وردبینی دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ