رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 100 پەرلەمانتارى عێراق واژۆیان لەسەر داواکارییەک کردووە بۆ میوانداریکردنى لیژنەیەکى حکومەت، کە ئەرکى زیادکردنى مووچە و گۆڕانکارى بووە لە خشتەکەیدا، ئامانج لەو میواندارییە بۆ یەکلاکردنەوەى ئەو پرسە و نەهێشتنى جیاوازى لە مووچەى نێوان فەرمانبەرانى ئاسایی و پلە باڵاکانە.
داواکارییەکە لەلایەن ئەحمەد شرمانى، ئەندامى پەرلەمانى عێراقەوە ئامادە کراوە و واۆژى بۆ کۆکراوەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 15ى نیسانى 2025 کاروان یاروەیس، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتی نیشتمانى کوردستان کە یەکێک بووە لەو پەرلەمانتارانەى واژۆ لەسەر داواکارییەکە کردووە بە رووداوى گوت: "رۆژى دووشەممە دەست بە کۆکردنەوەی واژۆ کراوە و بەردەوامە، هێشتا نەدراوەتە سەرۆکایەتیى پەرلەمان".
تاوەکو دووشەممە 103 پەرلەمانتار واژۆیان لەسەر نووسراوەکە کردووە، کە تێیدا داوا کراوە میواندارى لیژنەى فەرمانى دیوانى ئەنجوومەنى وەزیران بکرێت، کە تایبەت بوون بە هەموارى خشتەى مووچەى فەرمانبەرانى عێراق.
ئەو لیژنەیە بەگوێرەى بڕیارى ژمارە 24ى دیوانى ئەنجوومەنى وەزیران لە ساڵى 2022 پێکهێنرا.
کاروان یاوەرس ئاماژەى بەوەدا کارى ئەو لیژنەیە زیادکردنى مووچە و گۆڕانکارى بووە لە خشتەکەیدا لەپێناو نەھێشتنى نادادى لە نێوان مووچەى پلە باڵاکان و فەرمانبەرانی ئاسایی.
بەگوێرەى نووسراوەکە، داوا کراوە هۆکارى دواکەوتنى یەکلاکردنەوەى ئەو دۆسیەیە بزانرێت کە گوایە کاریگەرى لەسەر "دەیان هەزار فەرمانبەر" دەبێت و جیاوازى مووچە لە نێوان پلە باڵاکان و فەرمانبەرانى ئاسایی کەم دەکاتەوە.
ئەو لیژنەیە لە 2022 بۆ 2024 سێ کۆبوونەوەى کردووە و راسپاردەى لە بارەى ئەو گۆڕانکارییانە بۆ ئەنجوومەنى وەزیران بەرزکردووەتەوە.
شەش هەزار و 67 پلەباڵا لە عێراق هەن لە بەرامبەر 679 هەزار و 649 فەرمانبەرى پلە 10 کە دوایین ریزبەندین و کەمترین مووچە وەردەگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ