رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی عەزم دروستکردنی پارێزگای نوێ لە سنووری پارێزگای نەینەوا رەتدەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، ئەو هەوڵانە "زەوینەسازییەکی ئەنقەستە بۆ دابەشکردنی پارێزگاکە لەسەر بنەمای تائیفی و نەتەوەیی."
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی میدیایی هاوپەیمانیی عەزم، کە ئەمڕۆ دووشەممە، 14ی نیسانی 2025، بڵاوکراوەتەوە، لە دانیشتنی رۆژی دووشەممەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، هەوڵێک هەبووە بۆ تاوتوێکردنی دروستکردنی چەند پارێزگایەکی نوێ لە سنووری نەینەوا، کە ناوچەکانی تەلەعفەر، دەشتی نەینەوا و شنگال دەگرێتەوە.
عەزم ئاماژەی بەوەکردووە کە بیانووی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە بۆ ئەم مەبەستە هێنراوەتەوە.
هاوپەیمانییەکە دەڵێت: "ئەم ئاراستەیە نوێنەرایەتیی ئیرادەی خەڵکی نەینەوا ناکات" و بە "پێشنیازێکی نابەرپرسانە" ناوی بردووە کە "دەرگا بۆ گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافیی رەتکراوە دەکاتەوە."
هاوپەیمانیی عەزم پێیوایە، ئەم جۆرە دۆسیانە دەبێت تەنیا لە رێگەی نوێنەرە رەواکانی پارێزگاکەوە و لە چوارچێوەی رێکارە دەستوورییەکاندا گفتوگۆیان لەسەر بکرێت، "نەک لە رێگەی راسپاردەی سیاسییەوە کە لە ناوخۆدا قبووڵکراو نین."
هاوپەیمانییەکە هۆشداریی داوە لەوەی تێپەڕاندنی ئەم پێشنیازانە لە دەرەوەی چوارچێوە یاساییەکان "هەڕەشە دەبێت بۆ سەر یەکپارچەیی نەینەوا و ئاشتیی کۆمەڵایەتی."
هەندێک لە پەرلەمانتارانی شیعە هەر لە سەرەتاوە دەنگدانیان بە پرۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە، بە هێنانە کایەی "پارێزگای تەلعەفەر"، گرێداوە، کە قەزایەکی زۆرینە شیعەنشینە، بەڵام نوێنەرە سوننەکانی نەینەوا دژی ئەو بیرۆکەیەن.
ئەحمەد جبووری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و نوێنەری عەرەبی سوننە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە تەلاری پەرلەمان پیرۆزبایی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی کرد و گوتی، لەکاتێکدا پیرۆزبایی لە خەڵکەمان لە هەڵەبجە دەکەین کە بووە 19هەمین پارێزگا، بەڵام بە هەموو شێوەیەک رەتیدەکەینەوە ئەمە بۆ پارێزگای نەینەوا درێژبێتەوە و تەلعەفەر و دەشتی نەینەوا دابەش بن، ئەمڕۆ هەوڵێک هەبوو نەینەوا بخزێنە نێو ئەو دۆخە کە بەهیچ شێوەیەک ئێمەی پێی رازی نابین ، دابەشکردنی نەینەوا سەرەتای دابەشکردنی عێراقە".
ئەحمەد جبووری، کە نوێنەری پارێزگای نەینەوایە گوتی: "هەڵەبجە دۆخێکی تایبەتی هەیە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک قبوڵ ناکەین لە نەینەوا پارێزگای نوێ دروست بکرێت، لە رووی دەستووری،ئەخلاقی، ئایین جەماوەریی قبوڵکراونییە و رەتدەکرێتەوە، عێراق لەسەر بنەمای پێکهاتەکان دابەش ناکرێت، ناکرێت هەر ناوچەیەک پێکهاتەیەکی تایبەتی هەبێت دابەش بکرێت و بکرێتە پارێزگا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ