رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە بڕیاری دا خۆپێشاندانەکانی رۆژی هەینی بۆ کاتێکی نادیار دوابخات.
ساڵح عێراقی، کەسە نزیکەکەی موقتەدا سەدر، ئەمڕۆ سێشەممە 15ی نیسانی 2025 لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس گوتی، "بۆئەوەی نەبینە کۆسپ لەبەردەم پێشخستنی هەوڵە سیاسییەکان لە دۆزی فەلەستین، لە بەرژەوەندیدایە خۆپێشاندانەکانی رۆژی هەینی بۆ کاتێکی نادیار دوابخرێن."
نووسینگەی موقتەدا سەدر دوێنێ دووشەممە رێنوێنیی تایبەتی سەبارەت بە نوێژی هەینی و خۆپێشاندانەکان دەرکرد؛ 6 خاڵیان لەخۆگرتبوو، کە بریتی بوون لە:
یەکەم: پابەندبوونی تەواو بە راگەیێندراوەکەی موقتەدا سەدر کە ئەمانەن:
- خۆپێشاندانی ئاشتییانەی تووڕە
- خۆپێشاندان لەنزیک شوێنی نوێژکردن
- سووتاندنی هەردوو ئاڵای ئیسرائیل و ئەمریکا
- هیچ ئاڵایەک بەرز نەکرێتەوە جگە لە ئاڵای فەلەستین و عێراق
- کفن لەبەرکردن وەکو شوێنکەوتنی "مەرجەعمان شەهید سەیید محەممەد محەممەد سادق"
دووەم: هاوئاهەنگی لەگەڵ لیژنە رێکخەرەکانی نوێژی هەینی یەکگرتوو لە پارێزگاکان
سێیەم: بردنی بەرماڵ، هەر شتێک لە گەرمای خۆر مرۆڤ بپارێزێت
چوارەم: ئامادەبوون لە نوێژی هەینی و شوێنی خۆپێشاندان
پێنجەم: بڵاونەبوونەوە دوای نوێژ تاوەکو خۆپێشاندانەکە کۆتایی دێت
شەش: درووشم و هوتافەکان تەنیا دژی قەوارەی "زایۆنی" و ئەمریکی بن
بەڕێوەبەری رەوتی نیشتمانیی شیعەکان رۆژی 12ی نیسانی 2025 لە راگەیێندراوێکدا داوای لە لایەنگرانی کرد رۆژی هەینی خۆپیشاندانی ئاشتیانەی "توڕە" بکەن بۆ سەرکۆنەکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ