سێ یاساكە و هەمواری یاسای بودجە لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوكرانەوە

18-02-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی یاساكانی گەڕانەوەی موڵك و ماڵ بۆ خاوەنەكانیان، لێبووردنی گشتی، یاسای باری كەسیێتی و هەمواری یاسای بودجەی گشتیی عێراقی بڵاوکردەوە.
 
ئەمڕۆ (سێشەممە، 18ـی شوباتی 2025) وەزارەتی دادی عێراق رایگەیاند رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی، هەر سێ یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوە و گەڕاندنەوەی موڵك و ماڵ بۆ خاوەنەكانیان، هەمواری یاسای باری کەسیی و هەمواری دووەمی یاسای لێبوردنی گشتیی بڵاوکردەوە.
 
دیلان غەفوور، نوێنەری کەرکووک لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ بە رووداوی گوت "نووسراوێک ئاراستەی حکومەتی عێراق دەکەین بۆ ئەوەی رێکارەکانی جێبەجێکردنی یاسای گەڕاندنەوەی موڵك و ماڵ بۆ خاوەنەكانیان بە زووترین کات دەستیبکرێت."
 
هەر لە رۆژنامەی وەقائیعدا، هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی سێ ساڵە (2023-2024-2025) بڵاوکرایەوە.
 
دوێنێ، لەکاتی هەوڵدان بۆ کێڵانی زەوییەکانیان، جووتیارانی سەرگەڕان لەلایەن سوپای عێراقەوە ئاستەنگیان بۆ دروستکرا و گرژی دروستبوو.
 
لەکاتی گرژییەکەی دوێنێدا، محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سنوورەکە لەکاتی هەوڵدان بۆ کێڵانی زەوییەکەی لەلایەن سەربازێکەوە لەسەر تراکتۆرەکەی بە ملپێچەکەی راکێشرا بۆ ئەوەی دایبەزێنێت، بەڵام نەیتوانی. ئەوەش کاردانەوەی زۆری کورد و بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە.
 

بەرگی رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی

 
 
رۆژی 21ـی مانگی رابردوو، پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و بە یەک پاکێج هەر سێ پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنە راستەقینەکانیان، پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی و هەمواری یاسای باری کەسێتی پەسندکرد.
 
ئەو پڕۆژەیاسایانەی پەرلەمانی عێراق پەسندی کردن، پڕۆژەیاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان، پڕۆژەیاسای هەمواری دووەمی یاسای لێبووردنی گشتی ژمارە 27ی ساڵی 2016 و پێشنیازی یاسای باری کەسێتیی ژمارە 188ی ساڵی 1959.
 
پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی خانوو و زەوی بۆ خاوەنەکانیان داواکاریی سەرەکیی کورد بوو، تورکمانیش پاڵپشتی دەکرد. کورد چەندین مانگ بوو داوای دەنگدان لەسەری دەکرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەی جووتیاران لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان. 
 
یەکێک دیکە لە پڕۆژەکان کە دەنگی پێدرا پڕۆژە یاسای لێبووردنی گشتی بوو کە داواکاریی سوننەکان بوو و لە رێیەوە نزیکەی 80%ی گیراوانی لە گرتووخانەکان ئازاد دەکرێت. پڕۆژە یاساکەی دیکەش بریتی بوو لە هەمواری یاسای باری کەسێتی کە داواکاریی شیعەکان بوو.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە