عەممار حەکیم: چوارچێوەی هاوئاهەنگی جیددییە لە خێرا بەربژێرکردنی سەرۆکوەزیران

17-07-2022
ئاسۆ فیشەگی
نیشانەکردن عەممار حەکیم چوارچێوەی هاوئاهەنگی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەت لە عێراق رایدەگەیێنێت، چوارچێوەی هاوئاهەنگی جیددییە لە خێرا بەربژێرکردنی سەرۆکوەزیران، بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەشداری لە حکومەتی داهاتوودا ناکەن.
 
عەممار حەکیم، سەرۆکی هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەت رۆژی شەممە 16-07-2022 لە کاتی سەردانیکردنی پارێزگای بابل لە نێوەڕاستی عێراق، رایگەیاند، "داوامان لە سەرکردەکانی کورد کردووە لەبارەی بەربژێر بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار و شێوازی بەربژێرکردنی رێکبکەون، بۆئەوەی لە یەکەم دانیشتنی پەرلەماندا لە رۆژانی داهاتوودا دوای کۆتاییهاتنی پشووی وەرزی یاسادانان، یەکلایی بکرێتەوە."
 
عەممار حەکیم، کە هاوکات سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانییە، گوتیشی، "برایان لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی جیددین لە خێرا بەربژێرکردنی سەرۆکوەزیران و چوون بەرەو پێکهێنانی حکومەتی خزمەتی نیشتمانی، بەڵام دیسان دڵنیایی دەدەین کە ئێمە بەشداری  لە حکومەتی داهاتوودا ناکەین، لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسیارێتیمان بەرامبەر رۆڵەکانی گەلەکەمان هەڵدەگرین، لەڕێگەی بەردەوامبوون لە نزیککردنەوەی دیدگاکان و هاندان و هاوکاریکردن بۆ پێکهێنانی حکومەت."
 
رۆژی شەممە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە بە رابەرایەتیی نووری مالیکی داوای لە لایەنە کوردستانییەکان کرد بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆمار یەکلایی بکەنەوە، بەڵام پارتی و یەکێتی هێشتا لەبارەی یەک بەربژێر رێکنەکەوتوون و هەریەکەیان بەربژێری خۆی بۆ ئەو پۆستە هەیە. چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوای لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراقیش کردووە، رۆژێکی ئەم هەفتەیە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دەستنیشان بکات.
 
دەستلەکارکێشانەوەی هەموو پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی سەدری لە پەرلەمانی عێراق کە 73 پەرلەمانتار بوون، وەکو ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەردەوامبوونی قەیرانی سیاسی و هەڵنەبژاردنی سەرۆککۆمار و پێکنەهێنانی حکومەتی نوێ، گوشاری لەسەر لایەنە سیاسییەکان دروستکردووە، بۆیە چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە بووەتە گەورەترین هاوپەیمانیی شیعە هەوڵی خێرا پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەدات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شیاع سوودانی

سوودانی داوای بەدواداچوون بۆ داننان بە زانکۆیەکی کوردستان دەکات

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوا لە نووسینگەکەی دەکات بە دواداچوون بۆ داننان بە زانکۆی گەرمیان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بکات.