بەغدا و هەسەدە لەسەر رادەستکردنى 200 چەکداری داعش رێکدەکەون

14-04-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دەزگا ئەمنییەکانى عێراق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رێککەوتوون لەگەڵ گەڕانەوەى سێ کاروانى کەسوکارى چەکدارانى داعش، 200 چەکدارى ئەو رێکخراوەش رادەست بکرێن کە لەلایەن بەغداوە داواکراون.
 
رێککەوتنەکە بە ئامادەبوونى دوو ئەفسەرى هێزەکانى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتی دژی داعش و لە 11ى کانوونى دووەمى 2025 واژۆکراوە. 
 
هەردوولا رێککەوتوون، لەگەڵ رادەستکردنى کاروانەکانى 19 و 20 و 21ى کەسوکارى چەکدارانى داعش، 200 بەندکراوى داواکراویش لای هەسەدە رادەستى لایەنى عێراقى بکرێن. زیندانییەکان لە گرتووخانەکانى رۆژئاواى کوردستاندان.
 
تاوەکو ئێستا 24 کاروانی کەسوکاری چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆلەوە گەڕێندراونەتەوە کە زیاتر لە سێ هەزار خێزان بوون و ژمارەی ئەندامەکانیان زیاتر لە 13 هەزار کەس بووە.
 
عەلى جەهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئاگادارى رێککەوتنێکى لەو شێوەیەین، بەڵام زانیاریمان نییە لەبارەى ئەوەى ئەو داواکراوانە رادەستکراون یان نا، لەبەرئەوەى ئەو پرسە پەیوەندیدار نییە بە وەزارەتەکەمانەوە و لە سنوورى بەرپرسیارێتیی لایەنى دیکەدایە".
 
نزیکەى 16 هەزار کەس لە کەسوکارى چەکدارانى پێشووی داعش لە کەمپى هۆل ماون، دواى گەڕانەوەى هەر کاروانێکیان دەبردرێنە کەمپى جەدعە لە پارێزگای نەینەوا بۆ شیاندنەوە، بەر لە گەڕانەوەیان بۆ زێدى خۆیان لە پارێزگا جیاوازەکانی عێراق.
 
محەممەد کاکەیی، سەرۆکى لیژنەى ئەمنیى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "ئەو بەندکراوانەى لەگەڵ گەڕانەوەى خێزانەکان رادەست دەکرێنەوە، ناهێندرێنە نەینەوا، بەڵکو راستەوخۆ دەبرێنە بەغدا. ئەو پرسە پەیوەندیدارە بە دەزگاى هەواڵگریی عێراقەوە و رادەستى ئەوان دەکرێن".
 
ئەو داواکراوانەى هەسەدە رادەستیان دەکاتەوە، ئەو چەکدارە عێراقییانەى پێشووی داعشن کە بەغدا تۆمەتباریان دەکات بەوەى تاوانیان دژى هاووڵاتییان و هێزە ئەمنییەکان ئەنجامداوە، ئەو کاتەى سێ یەکى خاکى عێراق بەدەست رێکخراوى داعشەوە بوو. 
 
لە ساڵى 2014 بۆ 2017 داعش بەشێک لە پارێزگاکانى نەینەوا، سەلاحەدین، کەرکووک، دیالە و ئەنباری کۆنترۆڵ کرد، بەر لەوەى هێزەکانى هێزە ئەمنییەکانى عێراق و پێشمەرگە بە هاوکاریی هاوپەیمانیی دژى داعش کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەو رێکخراوە بهێنن.
 
لە ئاداری 2019دا ژمارەیەکی زۆر ژن و منداڵ و چەکداری داعش لە شەڕی باغۆز دەستگیرکران و لەو کاتەوە لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەدان.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە