میکانیزمى ئەمنیى هاوبەشى عێراق و تورکیا: پەیامى ئۆجەلان جێبەجێ بکرێت

13-04-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
میکانیزمى ئەمنیى باڵاى عێراق و تورکیا داوایان کرد رێز لە سەروەرى و پارێزراوى خاکى هەردوو وڵات بگیرێت و جەختیان لە گرنگى جێبەجێکردنى داواکارییەکەى عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بۆ هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانى پەکەکە کردەوە. هەروەرها بە پێویستیان زانى لیژنەى هاوبەش پێکبهێنرێت بۆ دۆزینەوەى چارەسەر بۆ کەمپى هۆل و رۆژ و کەمپەکانى دیکە لە سووریا.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 13ى نیسانى 2025، پێنجەمین کۆبوونەوەى میکانیزمى ئەمنیى باڵاى عێراق و تورکیا لە شارى ئەنتاڵیای تورکیا ئەنجام درا. 
 
وەزارەتى دەرەوەى عێراق راگەیێنراوى هاوبەشی کۆبوونەوەکەى بڵاوکردووەتەوە، هەردوولا داوایان کردووە رێز لە سەروەرى و پارێزراوى خاکى هەردوو وڵات بگیرێت، هەروەها هاوئاهەنگى و هاریکاری لە بوارى سەربازی و ئاسایشى سنوور و بنەبڕکردنى تیرۆر و پیشەسازیى بەرگریى و وزە و ئاو و پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان زیاتر بکرێت. 
 
بەشدارانى کۆبوونەوەکە جەختیان لە گرنگى جێبەجێکردنى داواکارییەکەى عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانى پەکەکە کردەوە.
 
رۆژی 27ى شوباتى 2025، شاندی دەم پارتی لە ئیستەنبووڵ پەیامی ئاشتیی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان راگەیاند کە تێیدا داواى لە پەکەکە کرد چەک دابنێت و خۆى هەڵبوەشێنێتەوە.
 
 لەبارەى ئەوەى پەیوەندارە بە "میکانیزمى پێنج قۆڵى" لە سووریا و وڵاتانى دراوسێى بۆ رووبەڕووبوونەوە تیرۆر کە لە 9ى ئادارى 2025 لە ئوردن پێکھێنرا، لیژنەى ئەمنیی عێراق و تورکیا جەختیان کردەوە لەوەی ناوەندێکى ئۆپراسیۆنى هاوبەش بۆ ئەو مەبەستە پێکبهێنرێت. 
 
ئەو میکانیزمە لە نێوان وڵاتانى سووریا، تورکیا، عێراق، ئوردن و لوبنان پێکهێنرا بۆ رووبەڕووبوونەوەى مەترسییەکانى تیرۆر و تووندکردنەوەى سنوورەکان.
 
لە راگەیێندراوەکەى تورکیا و عێراقدا هاتووە: "پێویستە لیژنەى هاوبەش پێکبهێنرێت بۆ دۆزینەوەى چارەسەر بۆ کەمپى هۆل و رۆژ و کەمپەکانى دیکە لە سووریا".
 
بە گوێرەى راگەیێنراوەکە، شاندى هەردوولا باسیان لەوە کردووە کە رۆژى 8ى ئایارى 2025، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق سەردانى تورکیا دەکات و لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێى ئەو سەردانەیان کردووە کە تێیدا چوارەمین کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى باڵاى هاریکاریى ستراتیژیى نێوان هەردوو وڵات ئەنجام دەدرێت.
 
لەو کۆبوونەوەیەدا فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق، سابت عەباسی، وەزیرى بەرگرى و رێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان و راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی عێراق، سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبی و سەرۆکى دەزگاى هەواڵگرى نوێنەرایەتى عێراقیان کردووە.
 
بەشدارانى کۆبوونەوەکە پێشوازییان لە ئەنجامى ئەرێنى کۆبوونەوەى نێوان شاندى ئەمریکا و ئێران کردەوە کە 12ى نیسان لە مەسقەتى پاتەختى عومان ئەنجامدرا. عێراق و تورکیا جەختیان لەوە کردەوە کە بەردەوامبوونى ئەو دیالۆگانە رێگە خۆش دەکات بۆ  چارەسەرێکى ئاشتییانە بۆ ململانێکان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

سوودانی: پشتگیریی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکەین

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی تائیفەی شیعەکانی سووریا رایدەگەیێنێت، لەگەڵ گەلی سووریایە بە هەموو پێکهاتەکانیەوە و پشتگیریی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکات