رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق گرێبەستێکی لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئیتاڵی و تورکی واژۆکرد بۆ راکێشانی بۆڕیی سێیەمی هەناردەکردنی نەوتی خاو لە رێگەی بەسرەوە، کە توانای گواستنەوەی دوو ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە بەشێوەی رۆژانە.
گرێبەستەکە ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی نیسانی 2025، لەنێوان کۆمپانیای نەوتی بەسرە و هەردوو کۆمپانیای میکۆپێری ئیتاڵی و ئیستای تورکی واژۆکرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق، بۆڕییە نوێیەکە لە رێگەی بەندەرەکانی پارێزگای بەسرەوە دەبێت، بە مەبەستی زیادکردنی توانای هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی ئاوی کەنداوەوە.
توانای ئەو بۆڕییە بۆ هەناردەکردن دوو ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوتە لە رۆژێکدا. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێستا زیاتر لە 98%ـی نەوتی عێراق لە رێگەی بەندەرەکانی باشوورەوە هەناردە دەکرێت.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، پڕۆژەکە ستراتیژییە و "رۆڵی دەبێت لە مسۆگەرکردنی بەردەوامیی و ئاسانکردنی هەناردەی نەوت لە رێگەی بەندەرەکانی باشوورەوە."
درێژیی بۆڕییەکە 70 کیلۆمەترە، کە 61 کیلۆمەتری لەنێو ئاودا و 9 کیلۆمەتریشی لە وشکانیدا دەبێت. هەروەها بەگوێرەی پڕۆژەکە، دوو سەکۆی نوێ لە بەندەرەکانی بەسرە و عەمێ بۆ هەناردەکردنی نەوت دروست دەکرێن.
عێراق ئێستا رۆژانە لەرێگەی بەندەرەکانی بەسرەوە زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، کە نەوتی بەرهەمهێنراوی کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ