هەڵەبجە بووە 19یەمین پارێزگای عێراق

14-04-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
مۆنیومێنتی کیمیابارانی هەڵەبجە کە سیمبولی کارەساتەکەی ساڵی 1988ی شارەکەیە. وێنە: رووداو
مۆنیومێنتی کیمیابارانی هەڵەبجە کە سیمبولی کارەساتەکەی ساڵی 1988ی شارەکەیە. وێنە: رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کەمێک پێش ئێستا دانیشتنی پەرلەمانی عێراق لەسەر پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەستیپێکرد و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق پەسند کرا.
 
دانیشتنی پەرلەمان بە ئامادەبوونی 178 پەرلەمانتار بوو. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان نووسیویەتی، "پیرۆزە هەڵەبجە بوو بە 19یەمین پارێزگای عێراق."
 
موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەم بڕیارە داننانە بە جینۆسایدی هەڵەبجەدا. 

 

فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەدوای تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان ساز کرد. 
 
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند: "بەشێکی فراکسیۆنی عەرەبییەکانیش پشتیوان بوون لە پەسندکردنی پڕۆژەیاساکە."
 
موسەنا ئەمین گوتی: "هەموو فراکسیۆنەکان رۆڵی باشیان لە پەسنکردنی پڕۆژەیاساکەدا هەبوو."
 
هاوکات، هەرێم کەمال ئاغا رایگەیاند: "سەرەڕای رێگریی بەشێک لە فراکسیۆنەکان، هەڵەبجە بووە پارێزگا." 
 
نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند :"ئەمڕۆ رۆحی شەهیدانی هەڵەبجە ئاسوودە بوو. هەڵوێستی یەکگرتووی لایەنەکان ئەنجامی باشی لێوە بەدەستهات."
 
لەگەڵ راگەیاندنی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، نێچیرڤان بارزانی لە پاریسەوە تەلەفۆنی بۆ نوخشە ناسیح کرد و پیرۆزبایی لێ کرد. 
 
نوخشە ناسیح بە نێچیرڤان بارزانی راگەیاند: "زۆر سوپاسی هەڵوێستتان دەکەین. بە ناوی خۆم و سەرجەم کەسوکاری شەهیدان و پارێزگای هەڵەبجەوە سوپاسی ئەو هەڵوێستە جوانەتان دەکەین. دەزانین لە دەرەوەی وڵاتیشی بەڵام دڵت لەگەڵ هەڵبجەدایە. چاوەڕێ دەکەین ئینشائەڵڵا ئاهەنگی خۆشی لەگەڵ خەڵکی هەڵەبجە بگێڕین و لە هەڵەبجە بانگهێشتت دەکەین بێیت بۆ هەڵەبجە." 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە