رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رەوتی حیکمە لە رۆژی دەستپێکی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باسی دۆخی نێوخۆیی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد و پەسندی هەڵوێستەکانی مام جەلالی کرد و بە "سەرۆکی هەموو عێراقییەکان" ناوی هێنا. گوتیشی، "بەغدا بەهێز نابێت ئەگەر هەرێمی کوردستان بەهێز و یەکگرتوو نەبێت."
ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2023، عەممار حەکیم، لە رۆژی یەکەمی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە ئەمڕۆ لە هۆڵی هونەر لە شاری سلێمانی دەستی بە کارەکانی کرد، گوتارێکی پێشکێشکرد و لە دوای سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییانی رووداوەکەی سووتانی هۆڵێکی حەمدانییە و پیرۆزبایی یادی لەدایکبوونی پەیامبەری ئیسلام، باسی رۆڵی مام جەلال تاڵەبانی لەدوای ساڵی 2003 کرد.
عەممار حەکیم گوتی: "مام جەلال تەنیا سەرۆکی کورد نەبوو، بەڵکو سەرۆکی هەموو عێراقییەکان بوو بەبێ جیاوازی و لایەنگرییەک بۆ نەتەوە یان ئایین یان مەزهەبێک، تەنیا سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەبوو، بەڵکو سەرۆک و برایەکی بەخشندە بوو بۆ هەموو هێز و حیزبە سیاسییەکان، مام جەلال نموونەیەکی واقیعیی روون بوو، وەکو ئەوەی مەرجەعیەتی باڵای ئایینی بە نوێنەرایەتیی ئیمام عەلی سیستانی بە (سەمامی ئەمان) ناوی لێناوە."
سەرۆکی رەوتی حیکمە باسی لەوەکرد، ئەزموونی سیاسیی عێراق بە زۆر هەوراز و نشێودا تێپەڕیوە، گوتی "بەغدا بەهێز نابێت بەبێ ئەوەی هەرێمی کوردستان بەهێز و یەکگرتوو بێت، ئەوە بۆ کوردستانیش بۆ تێڕوانینەکانی بۆ بەغداش هەروایە، ئێمە رۆڵەی یەک نیشتمان و یەک ئایین و چارەنووسین و مێژوومان یەکە، سەرباری ئاڵنگارییە زۆرەکان، دەرفەتی زۆرمان لەبەردەستە، ناکرێت زەحمەتی و کێشە و کەڵەکەبووەکان پەراوێز بخەین، بەڵام نابێت دیلی ئەو مەترسییانە بین، یان دەستەوەستان لەو چوارچێوەیەدا بژین، بەڵکو پێویستە بەرەو کەشی دەرفەتی راستەقینە بۆ هەستانەوە بچین."
لە دوای گوتارەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەی یەکێتی، عەممار حەکیم قسەی کرد، باسی سەروەریی عێراقیشی کرد و گوتی "هیچ ئەڵتەرناتیڤێکمان لەبەردەمدا نییە جگە لە پشتیوانیکردنی دەوڵەت و پاراستنی شکۆ و سەروەرییەکەی، ئەو پشتیوانییەش تەنیا بۆ پێکهاتەیەک بەبێ ئەوانی دیکە نابێت، بەڵکو ئەوە بەرپرسیاریێتیی هەمووانە، سەروەریی دەوڵەت دەبێت لە هەموو بستێکی عێراق هەبێت، نابێت جیاکاری لە شارێک بۆ شارێکی دیکە بێت، ئاسایشی سلێمانی، هەولێر و دهۆک ئاسایشی بەغدا، بەسرە و موسڵە و سەروەریی یاسا و پاراستنی بەرژەوەندیی عێراقییەکان چارەنووسی هاوبەشی نێوان سەرجەم هێزە سیاسییە نیشتمانییە دڵسۆزەکانە."
بە گوتەی عەممار حەکیم، "ئەوەی هەڕەشە لە ئاسایشی سلێمانی و بەرژەوەندیی خەڵکەکەی دەکات، هەر ئەوە هەڕەشە لە بەرژەوەندیی عێراقییەکان لە رووبەر و ناوچەکانی دیکە دەکات، خوێنی پاکمان لەپێناو بونیادنانی عێراقێکی فیدڕاڵیی یەکگرتوو و خاوەن سەروەریی و سەربەخۆ لە بڕیار و چارەنووسی بەخشی و بەهیچ شێوەیەک هیچ سازشێک لەوە ناکەین باجەکەی هەرچییەک بێت."
حەکیم هۆشداریی لە "دەستی شاراوە" دا کە عێراق دەکاتە ئامانج لە رێگەی پەرتەوازەکردنی هەڵوێستی لایەن و هێزەکان.
لە باسی بەرپرسیاریێتییەکانی یەکێتیشدا، سەرۆکی رەوتی حیکمە دەڵێت، "ئێمە دەڕوانینە ئەو رۆڵە نیشتمانییە گەورەیەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرکردایەتی و ئەندام و کادیرەکانی لە ئەستۆیانە لە یەکخستنی ریزی کورد یەکەمجار و یەکخستنی هەڵوێستی نیشتمانییەکان لەگەڵ برایانیان لە بەغدا."
ئەمڕۆ چوارشەممە 27ـی ئەیلوولی 2023، کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی دەستی بە کارەکانی کرد، لە کۆنگرەدا چەندین میوانی حکومی و حیزبی باڵا بانگهێشت کراون. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەی یەکێتیدا گوتارێکی پێشکێشکرد.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە 1-06-1975 دامەزراوە، دوای ساڵێک لە دامەزراندنی، شۆڕشی نوێی هەڵگیرساندووە و ئەندامی رێکخراوی سۆسیالیست ئینتەرناشناڵە.
لە کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیدا کە لە ساڵی 2019 بەسترا، بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەو حیزبە، سیستمی هاوسەرۆکی چەسپێنرا و لاهوور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی ئامۆزای بوونە هاوسەرۆک، بەڵام ئەو سیستمە زۆری نەخایاند و لەدوای رووداوەکانی 8ـی تەممووزی 2021ـدا سیستمەکە هەڵوەشێنرایەوە و لاهوور شێخ جەنگی لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە دوورخرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ