بەهۆی گرتەیەکی ڤیدیۆییەوە چەند کارمەندێکی پۆلیسی فریاکەوتنی بەغدا سزا دەدرێن

31-03-2025
مالیک محەممەد
دیمەنی پۆلیسەکە کە لەکاتی ئەرکدا خەوتووە.
دیمەنی پۆلیسەکە کە لەکاتی ئەرکدا خەوتووە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لەسەر بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کارمەندێکی پۆلیسی فریاکەوتنی بەغدا، کە لە کاتی ئەرکدا خەوی لێکەوتووە، وەزیری ناوخۆی عێراق، وەک رێکارێکی سەرەتایی بڕیاری دا ئەو کارمەندە و چەند کارمەندێکی دیکە بگوازرێنەوە بۆ فەرماندەیی سنووریی ناوچەی دوو و لێکۆڵینەوەشیان لەگەڵدا بکرێت.
 
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا کە درەنگی شەوی رابردوو بڵاویکردووەتەوە رایگەیاندووە، "لە هەندێک هەژماری سۆشیال میدیادا، گرتە ڤیدیۆییەک بڵاوکراوەتەوە کە تێیدا دەردەکەوێت؛ چەند ئەفسەر و کارمەندێک دیمەنی یەکێک لە کارمەندانی پۆلیسی فریاکەوتن تۆمار دەکەن کە لە کاتی ئەرکەکەیاندا خەویان لێکەوتووە."
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆ فەرمانی کرد رێکاری یاسایی پێویست بەرامبەریان بگیرێتەبەر و لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکبهێنرێت، بۆ لێکۆڵینەوە لە لایەنی یەکەم بۆ تۆمارکردنی ڤیدیۆیەکە و بڵاوکردنەوەی لە سۆشیال میدیا و، لایەنی دووەمیش بەهۆی کەمتەرخەمی لە ئەرکەکەی.
 
پۆلیسەکان کارمەندی بەشی پۆلیسی فریاکەوتنی ناحیەی زەعفەرانییەی قەزای رەسافەی بەغدان.
 
وەزیری ناوخۆ فەرمانی کرد، وەک رێکارێکی سەرەتایی، ئەو کارمەندانە بگوازرێنەوە بۆ فەرماندەیی سنووریی ناوچەی دوو و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا دەستپێبکرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە