رووداو دیجیتاڵ
بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەشێک لە وەزیرەکان، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێخراوەکانی بواری ژینگەی نێوخۆیی و بیانی یەکەمین کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوھەوا لە بەسرە بەڕێوەچوو.
عێراق لە ریزبەندی وڵاتانی کاریگەر لە گۆڕانی کەشوھەوا پێشەنگە، بۆیە سەرۆکوەزیران و کاربەدەستانی حکومەت دەڵێن: ھەنگاوەکانمان دەکەینە کردار.
د. جاسم فەلاح، بریکاری وەزیری ژینگەی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: کۆنفرانسەکە وێستگەیەکی سەرەکی و ھەنگاوێکی نموونەییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوھەوا لە عێراق. ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە حکومەت سوورە لەسەر بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوھەوا، سەرۆکوەزیران چەند دەستپێشخەرییەکی خستەڕوو ئاماژەشی بەوەدا کە کاری حکومەت روونە، لەپلاندانانەوە بەرەو جێبەجێکردن.
پارێزگای بەسرە بەشادەماری ئابووری عێراق دادەنرێت، رۆژانە زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل نەوت بەرھەم دەھێنێت، بەڵام پیسترین ژینگەی ھەیە، خەڵکەکەی ناچارن تائێستا ئاوی خواردنەوە بکڕن.
خالید جاسم، کرێکارێکە لە بەسرە و دەڵێت: داوای ژینگەیەکی باش دەکەین لە سەرووی ھەمووشیانەوە ئاو، یان سوێرە یانیش نییە، سێ بۆ چوار رۆژ یەکجار ئاو دێتەوە، رۆژانە ئاو دەکڕین خەڵک زۆربەی نەخۆشە و سەردانی دکتۆر دەکات لەبەر پیسی ئاو.
عەلی غالب، شۆفێرێکی تاکسییە لە بەسرە و گوتی: داوای چی بکەین، بەسرە نیوەی تووشی سەرەتان بووە، لە ھەموو شتێک ماف خوراوین، لە ھەموو بابەتێک ستەملێکراوین.
مورتەزا یوسف، خاوەن توکتوکێکە لە بەسرە و دەڵێت: ئاو بەس بە شەو دوو کاژێر دێت، ئەویش چ ئاوێک سوێرە ناتوانی دەموچاوتیشی پێ بشۆی، بۆیە بە دەبە ئاو دەکڕین بۆ خواردن و خۆشۆردن.
ھۆکارەکانی پیسبوونی ژینگەی بەسرە
- ساڵانە 13 بۆ 17 ملیار مەترسێجا گازی هاوەڵ دەسووتێندرێت.
- ھەر مەترێک سێجا لە گازی سووتاو مەترێک ھەوا و ژینگە پیس دەکات.
- ئاو کەمبووەتەوە و ئاوی ئاوەڕۆ دەچێتە نێو شەتولعەرەب.
- ئاوی پیسی شەتولعەرەب کاریگەری لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان هەیە.
- دارخورما و سەوزایی بە رێژەی 40٪ کەمبووەتەوە.
بەپێی پێشبینییەکانی پێوەرەکانی گوشاری ئاو، وڵاتی نێوان دوو رووبار تاوەکو ساڵی 2040 رووباری نامێنێت. ھەروەھا عێراق پێنجەمین وڵاتە کە کاریگەریی گۆڕانی کەشوھەوای لەسەرە، بۆیە پسپۆڕان دەڵێن، ئەگەر حکومەتی عێراق هەنگاوێکی راستەقینەنەنێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە لە داھاتوو کارەساتێکی مرۆیی و ژینگەیی روو لە عێراق دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ