رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ یادى 104 ساڵەى دامەزراندنیدا، سوپاى عێراق پۆشاکى خۆى گۆڕى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هەر سەربازێک پۆشاکی نوێ نەپۆشێت، سزا دەدرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 6ى کانوونى دووەمى 2024، سوپاى عێراق بە هەموو پێکهاتەکانییەوە پۆشاکى نوێى پۆشی، کە پێشتر بەسەریاندا دابەش کرابوو.
سەگڤان سندى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "لە ئەمڕۆوە ئەفسەر و سەربازانى سوپاى عێراق پۆشاکى نوێ لەبەر دەکەن، کە بۆیان دیاریکراوە. ئەو گۆڕانکارییە چووە بوارى جێبەجێکردنەوە".
ئەو پۆشاکە نوێیە پاکێجێکى 11 پارچەییە، لەوانە بەدلە، قەمسەڵە، بێرى، پۆستاڵ، گۆڕەوى، پشتێن و جلى ژێرەوە و بەتانی.
سەگڤان سندى گوتی: "هەر کارمەندێکى سوپا پابەند نەبێت بەو پۆشاکە نوێیەوە، رووبەڕووى سزاى دیسپلینیى دەبێتەوە کە دەگاتە ئاستى بەندکردن بۆ ماوەى سێ رۆژ".
ئەو پۆشاکانە لە بودجەى وەزارەتى بەرگریی کڕدراون سێ رەنگن، خاکى بۆ هێزى پیادە، شین بۆ هێزى ئاسمانى و سپى بۆ هێزى دەریایی.
قوماشى پۆشاکە نوێیەکە لە تورکیا کڕدراوە و لە کارگەى نێوخۆیی سەر بە وەزارەتى بەرگریى عێراق دووراون.
سوپای عێراق لە 6ی کانوونی دووەمی 1921 لە سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتی دامەزراوە، ساڵانە بەو بۆنەیەوە لە دامودەزگاکانی عێراق دەکرێتە پشوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ