محەممەد شیاع سوودانی تەواوکردنی 210 قوتابخانەی راگەیاند

05-04-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی عێراق تەواوکردنی 210 قوتابخانەی رێککەوتنی عێراق - چینی راگەیاند. نوێنەرێکی پارێزگای نەینەوا دەڵێت، تاوەکو ئێستا بەشێک لە بەڵێندەرەکان شایستە داراییەکانی تەواوکردنی ئەو قوتابخانانەیان وەرنەگرتووە.
 
ئەمڕۆ شەممە 05-04-2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کردنەوەی 210 قوتابخانەی لە پارێزگا جیاجیاکانی عێراق لە چوارچێوەی رێککەوتنی عێراق - چین راگەیاند. 
 
ئەو 210 قوتابخانەیە دابەشبوون بەسەر پارێزگاکانی نەینەوا، سەلاحەدین، زیقار، بەغدا، نەجەف، میسان، دیوانیە و ئەنبار.
 
رۆژی 18-6-2022، مستەفا کازمی، سەرۆكوەزیرانی ئەو کاتی عێراق بەردی بناخەی 1000 هەزار قوتابخانەی لە چوارچێوەی رێككەوتنی عێراق - چین دانا.
 
هەمان رۆژ وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "ئەوەی جێگەی داخە بێبەشكردنی پشكی هەرێمی كوردستانە كە 150 قوتابخانەیە و بە نووسراوی ژمارە 374 لە 23ـی 11ـی 2020، ئاراستەی وەزارەتی پەروەردەی عێراقمان كردووە، پارێزگارە بەڕێزەكانی كوردستان لەسەردانی شاندی عێراقی بۆ چین ئامادەبوون و ئەو رێكەوتننامەیە بۆ هەموو عێراق و عێراقییەكانە."
 
شێروان دووبەردانی، نوێنەری پارێزگاری نەینەوا، ئەمڕۆ شەممە 05-04-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پشکی پارێزگای نەینەوا لەو هەزار قوتابخانەیە 92 قوتابخانەیە، زۆربەیان ساڵی رابردوو تەواوبوون و ژمارەیەکی کەمیان تازە تەواو بوون.
 
نوێنەرەکەی نەینەوا ئاماژەی بەوەکرد، تاوەکو ئێستا بەشێک لەو بەڵێندەرانەی ئەو قوتابخانانەی نەینەوایان تەواوکردووە، شایستەی داراییان وەرنەگرتووە، ئەوەش گرفتی بۆ دروستکردوون، بۆیە ئاسانکاریان بۆ دەکەن تاوەکو بتوانن شایستەکانیان وەربگرن. 
 
ئەو هەزار قوتابخانەیە لە پارێزگاکانی عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان بەپێی سێ پێوەر دابەشکراون. 
 
پێوەرەکان بریتین لە چڕی دانیشتووانی هەر پارێزگایەک، دوو دەوامی و سێ دەوامیی قوتابخانە و بوونی قوتابخانەی خراپ. 
 
قوتابخانەکان بەم شێوەیە دابەشبوون: 
 
بەغدا: 144 قوتابخانە
زیقار: 106 قوتابخانە
نەینەوا: 92 قوتابخانە 
بەسرە: 86 قوتابخانە
سەلاحەدین" 78 قوتابخانە
دیوانیە: 61 قوتابخانە
دیالە: 56 قوتابخانە
موسەننا: 53 قوتابخانە
میسان: 52 قوتابخانە
ئەنبار: 51 قوتابخانە
واست: 48 قوتابخانە
بابل: 45 قوتابخانە
کەرکووک: 44 قوتابخانە
کەربەلا: 44 قوتابخانە
نەجەف: 40 قوتابخانە
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە