سەرۆکی فەرەنسا سەردانی عێراق دەکات

04-10-2023
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن فەرەنسا عێراق ئیمانوێل ماکرۆن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فەرەنسا سەردانی عێراق دەکات، بەرپرسێکی باڵای کۆشکی ئێلیزێش بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە 04-10-2023 محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لە پاتریک دورێل، راوێژکاری کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا لە سەرۆکایەتیی کۆماری فەرەنسا کرد. 
 
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، دورێل هاوخەمیی خۆی بۆ حکومەت و خەڵکی عێراق بۆ رووداوەکەی قەزای حەمدانیە دەربڕی و هیوای لێخۆشبوونی بۆ قوربانییەکان و زوو چاکبوونەوەی بریندارەکان خواست.
 

بە گوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی سەردانەکەی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا کرا بۆ عێراق لە داهاتوودا، هەروەها گفتوگۆیان لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان عێراق و فەرەنسا کرد، بەگوێرەی رێککەوتنی ستراتیژیی گشتگیر، کە لەنێوان هەردوو وڵاتدا لە هەموو بوارەکاندا واژۆکراوە، بەتایبەتی لە بواری وەبەرهێنان و ئابووری و وزە و ژینگەدا. 
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا سەردانی عێراقی کرد و بڕیارە لەو ماوەیەدا جارێکی دیکە سەردانی عێراق بکاتەوە.
 
عێراق و فەرەنسا رێککەوتنی هاوبەشی ستراتیژییان واژۆکرد، کە نەخشەڕێگەیەکە بۆ فراوانکردنی ئاسۆی هاوئاهەنگی لەنێوان هەردوو وڵات لەسەرجەم بوارەکاندا. رێککەوتنەکە لە 6 بەش و 51 ماددە پێکهاتووە، بە گوێرەی رێککەوتنەکەش "فەرەنسا پشتیوانی عێراق دەبێت لە سیاسەتی پەیوەندیی ئەرێنییانە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهاندا."
 
بەشێکی رێککەوتنەکە تایبەتە بە بواری سەربازی و ئەمنی، کە بەپێی ناوەڕۆکەکەی "هەردوولا بەردەوام دەبن لە بەهێزکردنی هاوکاری لە بواری بەرگری و ئاسایش لە رێگەی هاوبەشیی ستراتیژی."
 
هەردوولا لیژنەیەکی باڵای هاوبەش پێکدەهێنن کە وەزیری کاروباری دەرەوە سەرۆکایەتیی دەکات. دوو ساڵ جارێک بە نۆرە لە پاریس و بەغدا کۆدەبنەوە، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە. 
 

پوختەی نێوەڕۆکی رێککەوتننامەی هاوبەشی ستراتیژیی نێوان کۆماری فەرەنسا و کۆماری عێراق:
 
لە دەستپێکدا رێککەوتننامەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، هەردوو وڵات خواستێکی راستگۆیانەیان لە دروستکردنی هاوبەشییەکی ستراتیژی هەیە کە بەرژەوەندیی هەردوولا دەستەبەربکات. ئەمەش لەسەر بنەمای یەکسانی لە سەروەری و ماف و بنەمای دەستوەرنەدانی دوولایانە لە کاروباری ناوخۆیی یەکدی. پێویستە ئەو هاوبەشییە لە بوارەکانی سیاسی، سەربازی، ئەمنی، ئابووری، بازرگانی، رۆشنبیریی، ژینگەیی و زانستی رەنگبداتەوە، ئەمەش لەپێناو بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە، هاوکاری و ئاشتی و ئاسایشی هەردووڵات و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان.
 
بەشی یەکەم: هاوبەشی لە بواری کاری سیاسی و هاوکاریی دیپلۆماسی:
 
هەردوولا هاوکار دەبن لە هاوبەشیکردنی ئەزموون و بەهێزکردنی توانای عێراق لە بەدیهێنانی گۆڕانکاریی ئاشتییانەی دیموکراسی و بنیادنانی دامەزراوەکان و بەهێزکردنیان لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە هەموو جۆرەکانییەوە. 
 
فەرەنسا پشتیوانیی عێراق دەبێت لە سیاسەتی پەیوەندیی ئەرێنییانە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهاندا. پێویستە رۆڵی ژنان و بەشداریکردنیان بەهێزبکرێت لە بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، ژینگەیی و رۆشنبیریی. لەنێو رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هاوئاهەنگ بن. هاوکاریی نێوانیان بەهێز دەکرێت لە بواری پاراستنی ژینگە و بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکاریی کەشوهەوا، بەشێوەیەک لەگەڵ رێکەوتننامەی پاریس و پابەندبوونەکانی گونجاو بێت.
 
بەشی دووەم: هاوکاریی سەربازی و ئەمنی:
 
هەردوولا بەرژەوەندیی هاوبەش کۆیاندەکاتەوە لە رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر. بەردەوام دەبن لە بەهێزکردنی هاوکاری لە بواری بەرگری و ئاسایش لە رێگەی هاوبەشیی ستراتیژی، کە هاوکاریی درێژخایەنی نێوان هەردوولا و بەرەنگاریی ئاڵنگارییەکانی سەر ئاسایش و سەلامەتی هەردووڵات فەراهەم دەکات. هەردوولا زانیاری لە بوارەکانی هاوکاریی دامەزراوەیی و ئۆپەراسیۆنەکان، هەواڵگریی و پڕچەککردن، مەشقی سەربازی ئاڵوگۆڕدەکەن، بەبێ ئەوەی دەستببرێت بۆ بەرژەوەندیی نیشتمانی، لە چوارچێوەی رێزگرتن لە یاسا و پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکان. 
 
هاوکاریکردن لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکان و رێگە و میکانیزمەکانی کۆکردنەوەی زانیاری لەبارەی رێکخراو و گرووپە تیرۆریستییەکان. ئاشکراکردنی رێگە و میکانیزمی ئەوانەی ئەگەری هەیە پەیوەندی بە رێکخراو و گرووپە تیرۆریستەکانەوە بکەن. بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زانیاری و گەیاندن لەلایەن ئەو گرووپانە، لەوانەش تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
 
هاوکاریکردن لە بوارەکانی تاوانی رێکخراوی سنووربڕ لەوانە: بەرەنگاربوونەوەی؛ بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر، مرۆڤ، چەکی نایاسایی، تاوانی کۆمپیوتەری، زیانگەیاندن بە ژینگە.
 
هەروەها وەزارەتی دادی هەردوو وڵات هاوکار دەبن لە بوارەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، تاوانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ و تاوانی سنووربڕ. 
 
جێبەجێکردنی میکانیزمی نێودەوڵەتی لە بواری هاوکاری بۆ لەنێوبردنی تاوان. پشتیوانیی تەکنیکی بۆ دەستەی دادوەریی عێراقی لەبواری تیرۆردا. بەرەنگاربوونەوەی؛ تووندڕۆیی لە زیندانییەکانی هەردوولا، بازرگانیی ناسایی وەک مادەی هۆشبەر، بازرگانی بە مرۆڤ. تاوانی ئابووریی و دارایی، بازرگانی بە چەک و تەقەمەنی، زیانگەیاندن بە رۆشنبیری. 
 
هاوکاری لە بواری کۆچدا: وەزارەتی پەیوەندیداری هەردوولا، هاوکار دەبن لە پرسی کۆچ و بەرەنگاربوونەوەی کۆچی ناڕێکخراو، بەتایبەتی ئەوانەی بەشێوەیەکی نایاسایی کۆچ دەکەن. گەڕانەوەی هاووڵاتییان، ئەگەر مەرجی هاتنە نێو خاکی وڵاتەکەی دیکە نەبوو. 
 
بەشی سێیەم: هاوکاری لە بواری ئابووری و بازرگانی
 
هەردوولا رێککەوتن کە هاوکاریی یەکدی بکەن لە بوارەکانی ئابووری، بەشێوەیەک تواناکان بەهێزبکات، ژینگەیەک بڕەخسێنێت کە پشتوان و گونجاو بێت بۆ پەرەپێدانی ئابووریی بەردەوام. ئەمەش لە رێگەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی سنووردار و پێشەنگ لە سەرجەم بوارەکانی ئابووری، کشتوکاڵ، پیشەسازی، وزە، ئاو، گواستنەوە، ژینگە، گەشتوگوزار، گەیاندن، تەلارسازی و ژێرخانەوە.
 
فەرەنسا هاوکار دەبێت، بۆ ئەوەی عێراق داهاتی ئابوورییەکەی فرەڕەنگ و بەهێز بکات. بەرەنگاری گەندەڵی ببێتەوە. کەرتی بانکیی چاکبکات. بەڕێوەبردنی دارایی گشتی و گومرگەکان باشبکات. 
 
فەرەنسا پشتوانیی هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوەی عێراق و نوێکردنەوەی دەکات لە رێگەی میکانیزمی دارایی، وەک پێدانی قەرزی راستەوخۆ و قەرزی بازرگانی. ئەنجامدانی پرۆژە ئابووری. سوودوەرگرتن لە ئەزموونی دامەرزراوە و کۆمپانیا فەرەنسییەکان. هانی وەبەرهێنانی کۆمپانیا فەرەنسییەکان دەدرێت. بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمێنانی کارەبای عێراق. ئەنجامدانی پرۆژەی وەبەرهێنان لە بواری بەرهەمهێنانی گاز، بۆ بەرهەمێنانی کارەبا و کەمکردنەوەی دەردانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن. ئەنجامدانی پرۆژەی نوێ لە بواری ئاوی خواردنەوە و ئاوەڕۆ. باشکردنی بەرنامەی گواستنەوە و گەیاندنی کەشتی. هاندانی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی و دۆستی ژینگە، ئەمەش بە ئامانجی کەمکردنەوەی بەکاربردنی بەرهەمە نەوتییەکان و پاراستنی ژینگە و بەهێزکردنی هاوکاریی گواستنەوەی وشکانی و دەریایی. بەهێزکردنی ئابووریی بازنەیی، بەمەبەستی گۆڕانکاری لە شێوازی بەکاربردن و بەرهەمهێنان و بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.
 
لە بواری وزەی ئەتۆمیدا، هاوکاریکردن لە بواری ئەتۆمیی مەدەنی، لەوانەش ئەوەی پەیوستە بە مەشق و راهێنان و توێژینەوە، ئەمەش لەپێناو دیاریکردنی هاوبەشی هەردوولا لەو کەرتە و جێبەجێکردنی.
 
پەرەپێدانی کەرتی ئاسمانی، نوێکردنەوەی فڕۆکەخانەکانی عێراق و نوێژەنکردنەوەی فڕۆکەکان. بەهێزکردنی تواناکان لە رێگەی مەشق و راهێنان بە کارمەندانی عێراقی لە بواری فڕۆکەوانی مەدەنی. هەردوولا لە گفتوگۆکانیان بەردەوام دەبن، بۆ کردنەوەی هێڵی ئاسمانی نێوان فەرەنسا و عێراق و لەبەرچاوگرتنی ئاسایش و سەلامەتیی فڕۆکەوانی و بەرژەوەندیی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی. 
 
بەردەوامبوونی گفتوگۆکان لە بواری کشتوکاڵ و بەخێوکردنی مەڕ و مەڵات و بەکارهێنانی بەردەوامی زەوییە کشتوکاڵییەکان لە عێراقدا. پەرەپێدانی پیشەسازیی کشتوکاڵی و رەخساندنی هەلیکارکردن لەو پیشەسازییەدا. فرەجۆرکردنی بەرهەمی کشتوکاڵ، بەکارهێنانی ئامرازەکانی ئاودانی نوێ.
 
پەرەپێدانی بەڕێوەبردنێکی دروستی سامانی کشتوکاڵی و بەخێوکردنی مەڕومەڵات. ئەمەش لەپێناو بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراک لە عێراقدا. ئاسانکاری بۆ بەیەکەوە بەستانەوەی کەرتی تایبەتی کشتوکاڵی فەرەنسی و عێراقی. هاوکاریکردن لە بواری بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو و جێبەجێکردنی تەکنیکی نوێی ئاودێری، بەمەبەستی گەرەنتیی پاراستنی ئاسایشی ئاوی وڵات، لەگەڵ دابینکردنی پێداویستییەکان لە پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی. پەرەپێدانی پیشەسازیی دەرمان لە عێراق بە هاوکاریی کۆمپانیا گەورەکانی فەرەنسا و ناوەندەکانی توێژینەوە. 
 
بەشی چوارەم: هاوبەشی لە بواری زانست و توێژینەوە و رۆشنبیری
 
پەرەپێدانی زانکۆکانی عێراق لە رێگەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی هاوکاری زانکۆیی، مەشق و راهێنان بە مامۆستایانی توێژەر، پەرەپێدانی ئامراز و هۆکارەکانی خوێندن و پشتوانی گۆڕانکاریی دیجیتەڵی. هاوکاری لە بوارەی پەروەردە و خوێندن و ئاڵوگۆڕی ئەزموون و پرۆگرامی پەروەردەیی. 
 
هاوئاهەنگیکردن لەنێوان زانکۆکانی هەردوولا لە بواری وزەی ئەتۆمی. پەرەپێدانی هاوبەشی زانستی و بەرزکردنەوەی ئاستیان لە بواری زانستی پراکتیکی (ئەندازیاریی، پزیشکی، زیندەگی و تەندروستی) و زانستە مرۆییەکان (یاسا و زانستە سیاسییەکان). بەرنامەی دوولایەنە و ئاڵوگۆڕی توێژەران و هاوبەشیکردن لە نێوان زانکۆکان و دەستەکانی توێژینەوە. بەهێزکردنی زمانی فەرەنسی لە رێگەی کردنەوەی بەشی نوێی زمانی فەرەنسی لە زانکۆکانی عێراق و پێشکێشکردنی هاوکاری بۆیان. ئەنجامدانی خولی راهێنان لە عێراق و فەرەنسا بۆ نوێکردنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن و پەروەردە. نوێکردنەوەی ئامراز و هۆکارەکانی خوێندن.
 
پاراستنی شوێنەوار و کەلەپووری عێراق و پاراستنی ناوچە شوێنەوارییەکان. نۆژەنکردنەوەی مۆزەخانە و هاوکاریکردن لە بواری گەڕاندنەوەی پارچە شوێنەوارییە دزراوەکان. هەردوولا کاردەکەن بۆ چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ئەو ناوچە شوێنەوارییانەی رێکخراوی تیرۆیستییەکان تێکیانداون، ئەمەش بە هاوکاریی رێکخراوی یونسکۆ و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی کەلەپوور لە ناوچە ململانێیەکان. 
 
پشتیوانیکردنی کاری تیمی کنە و پشکینی فەرەنسی لە عێراقدا. بەرزکردنەوەی کارامەیی کارمەندانی پیشەیی عێراق لە بواری شوێنەوار و کەلەپووردا. پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان مۆزەخانەکانی فەرەنسا و عێراق. هاوکاریکردن لە بواری کتێبخانەکاندا.
 
بەهێزکردنی ئاڵوگۆڕی پیشەیی لە نێوان نێوەندە میدیاییەکانی فەرەنسا و عێراق. مەشق و راهێنان بە هونەرمەندان. پشتیوانی هەردوولا لە کردنەوەی ناوەندی رۆشنبیریی عێراقی لە پاریس. ئاڵوگۆڕی رۆشنبیری و زمانەوانی، بە هاوکاریی دامەزراوە گەورەکان لە فەرەنسادا، وەک پەیمانی جیهانی عەرەبی. ئەمەش بە پاڵپشتیی پەیمانگەی فەرەنسی لە عێراق. ئاڵوگۆڕی لە بواری گەنجان و وەرزش، لە رێگەی بەشداری لە چالاکییە وەرزشییەکان و بەشدارییکردن گەنجان لە پرۆسەی ئاڵوگۆڕی ئەزموون لە بواری وەرزش دا. 
 
بەهێزکردنی کەرتی گەشتیاریی لە عێراق و وەبەرهێنان سوودوەرگرتن لە ئەزموونی فەرەنسا لەو بوارەدا. مەشق و راهێنان بە کارمەندان لە بواری گەشتوگوزار و هۆتێلەکان. هەردوولا کاردەکەن، بە مەبەستی ئاسانکاریی بۆ پێدانی ڤیزای گەشتیاریی بە هاووڵاتییان، ئەمەش بەپێی یاساکانی ناوخۆی هەردوو وڵاتدا.
 
بەشی پێنجەم: بەدواداچوونی رێککەوتن و جێبەجێکردنی
 
هەردوولا لیژنەیەکی باڵای هاوبەش پێکدەهێنن کە وەزیری کاروباری دەرەوە سەرۆکایەتی دەکات. دوو ساڵ جارێک بە نۆرە لە پاریس و بەغدا کۆدەبنەوە، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە و فەراهەمکردنی پەیوەندیی ستراتیژیی درێژخایەنی نێوان هەردوو وڵات. ئامانجی لیژنەکە پەرەپێدانی دیدگای سیاسی هاوبەشە لە رێگەی ئاڵوگۆڕکردنی سەرجەم دۆسیەکاندا. لیژنەی باڵا دەتوانێت بەندی دیکە، بۆ ئەو رێککەوتنە زیادبکات، یان هەمواری بکات. 
 
لیژنەی هاوکاری لە بواری ئاسایشی ناوخۆیی پێکدێت. وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا و عێراق کاردەکەن لە بوارەکانی، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، تاوانی رێکخراوی سنووربڕ، ئاسایشی مەدەنی و بەڕێوەبردنی کۆچکردن. لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هزری تووندڕەویی، بەدواداچوون بۆ دۆسیەی چەکدارە بیانییەکان دەکات و ئەزموون ئاڵوگۆڕدەکەن لە بوارەکانی بەرەنگاربوونەوەی تووندڕەوی و ئاڵنگاریی کۆمەڵایەتی و ئابووری و دەروونی. 
 
لیژنەی پسپۆڕ، بەپێی کاری لەپێشینەی هاوکارییەکان پێکدێت، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ وەربەرهێنان، وزە، وزەی نوێبوەوە، خوێندن، توێژینەوە، رۆشنبیری، شوێنەوار، حکومڕانی باش، رەنگاربوونەوەی گەندەڵی، مافەکانی مرۆڤ، مافی ژنان و منداڵان. 
 
لیژنەی دووقۆڵی بەرگری لە نێوان وەزارەتی بەرگریی هەردوو وڵات پێکدێت، بۆ کاری هاوبەش و هاوئاهەنگی لە بوارەکانی پڕچەكکردن و بەدواداچوون بۆ سەرجەم بوارەکانی هاوکاری لە سوپادا (وشکانی، دەریایی و ئاسمانی).
 
بەشی شەشەم: حوکمی کۆتایی
 
لەکاتی هەر ناکۆکییەک لەبارەی لێکدانەوەی ئەو رێککەوتنە و جێبەجێکردنی، ئەوا لە رێگەی راوێژ، یان دانوستاندن لە نێوان هەردوولا چارەسەر دەبێت. هەر لایەنێک مافی ئەوەی هەیە، لە هەر کاتێکدا رێککەوتنەکە هەڵبووەشێنێتەوە. ئەمەش لە رێگەی ئاگادارکردنەوە بەشێوەی نووسراوی دەستنووس و لە رێگەی کەناڵەکانی دیپلۆماسییەوە. لەوبارەدا ئەو رێککەوتنە دوای 6 مانگ لە راستکردنی ئەو ئاگادارکردنەوەیە، هەڵدەوشێتەوە. دەکرێت ئەو رێککەوتنە هەمواربکرێتەوە. هەر دەستکاریکردنێک، بەپێی رێکارەکان، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە