رووداو دیجیتاڵ
لویس ساکۆ، پاتریارکی کلدانە کاسۆلیکەکانی عێراق هێرش دەکاتە سەر بزووتنەوەی بابلیوون و دەڵێت "کریستیان نین و نوێنەرایەتیی کریستیان و کلدانەکان ناکەن." جگە لەوەش بە "کڕینی دەنگی دەنگدەران" و "گوشار بۆ دەرکردنی مەرسوومی کۆماری لە دژی " و "دەست بەسەرداگرتنی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق"، تۆمەتباریان دەکات. گوتەبێژی بزووتنەوەکەش دەڵێت پەنا بۆ دادگە دەبەین.
رۆژی چوارشەممە، 1-11-2023، لویس ساکۆ، پاتریارکی کلدانە کاسۆلیکەکانی عێراق، لە گوتارێکدا بەناونیشانی "بزووتنەوەی بابلیوون کریستیان نییە و نوێنەرایەتی کریستیان و کلدانەکان ناکات." کە لە وێبسایتی پاتریارکی کلدانی، بڵاویکردووەتە، دەڵێت "نیگەرانم بەوەی لە بڵاوبوونەوەی گەندەڵی، دووڕوویی، گوێنەدانی جیددیانە بە بونیادنانی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەرەی، دەوڵەتی یاسا و دادپەروەری و یەکسانی و هاوڵاتیبوون و گەرەنتیکردنی ژیانێکی ئاسایشانە و شکۆمەندانە بۆ هاووڵاتیان لە وڵاتەکەم."
ساکۆ کە خۆی بە مەرجەعیەتی کریستیانە کلدانەکانی عێراق و جیهان دەناسێنێت، باسی بزووتنەوەی بابلیوون دەکات و دەڵێت "گەلی کریستیانی عێراقی درێژکراوەی گەلانی کۆنە وەکو کلدانی، ئاشووری، سریانی و ئەرمەن، کە کەسانی دیار و نیشتمانی و دڵسۆز نوێنەرایەتییان کردوون، نزیکەی یەک سەدە دەبێت وڵاتی عێراق دروستبووە و ئەوەی روویدا، روویدا لە تۆقاندن و فەوتانی مافەکان، هۆکاری گەورەشی پشتبەستنە بە شێوازی تایفی و دابەشکاری و دەرکەوتنی میلیشیا کە خۆی بە کریستیان دەناسێنێت، بەڵام بە کردەوە کریستیان نییە و کلدانیش نییە، لە گۆڕەپانی سیاسی و بە پشتیوانی لایەنە دیارەکان تاکڕەوی دەکات و، هەوڵیداوە و دەدات کۆنترۆڵی دەستکەوتەکانی پێکهاتەی کریستیان بکات و رۆڵ و پێگەکەی بدزێت."
لویس ساکۆ، پاتریارکی کلدانە کاسۆلیکەکانی عێراق، کە ماوەی زیاتر لە سێ مانگ دەبێت بەهۆی مەرسوومێکی کۆماری، کێشەی بۆ دروستبووە، لە گوتارەکەیدا دەشڵێت "ئابڕووچوونەکانی بزووتنەوەی بابلیوون (چوار براکە و زاواکەیان) بۆ دۆست و دوژمن روونە، ئەو خۆی بە بزووتنەوەی بەرگریکاری سەر بە حەشدی شەعبی دەناسێنێت و ئاڵاکەی جیهادە."
لویس ساکۆ، لەبەشێکی دیکەی نووسینکەیدا بزووتنەوەکە بە "چەوساندنەوە"ـی کلدان و کریستیانەکان تۆمەتبار دەکات و چەندین تۆمەتی دیکەیان دەخاتەپاڵ، لەوانە "دەستدرێژیکردنە سەر موڵکەکان، کڕینی دەنگی دەنگدەران، کڕینی هەندێک لە پیاوانی ئاینی بۆ دابەشکردنی کەنیسەکان، گوشار دروستکردن بۆ کشانەوەی مەرسوومی کۆماری لە من، دەستبەسەرداگرتنی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، هەوڵدان بۆ دامەزراندنی (زاوا) بە سەرۆکی دیوانی وەقفی ئاینەکانی کریستیان و ئێزدی و سابیئەی مەندایی، ئاگرەکەی حەمدانییە، جگە لە هەڵمەتەکانی شێواندن و بڵاوکردنەوەی درۆ و هەواڵی هەڵبەستراو، وەکو ئەوەی لە دیداری پاپا فرانسیسدا بینیمان."
لە کۆتایی گوتارەکەیدا، پاتریارکی کلدانە کاسۆلیکەکانی عێراق وای دەبینێت؛ هەموو ئەو کارانەش مەبەست لێیان "تۆقاندنی کریستیانەکان و کۆچپێکردنیانە لەپێناو دەستبەسەرداگرتنی مۆڵکەکانیان."
رۆژی 3-7-2023، مەرسوومی ژمارە (31)ـی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ژمارەی (4727)ـی رۆژنامەی وەقائیعی عێراق بڵاوکرایەوە و تێیدا بڕیاری کشانەوەی مەرسوومی ژمارە (147)ـی ساڵی 2013ـی راگەیاند و پلەی پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان لە کاردیناڵ لویس رافایل ساکۆ سەندرایەوە.
لویس ساکۆ، رەیان کلدانی، ئەمینداری بزووتنەوەی بابلیوونی بەهۆکاری ئەو بڕیارەی سەرۆککۆمار زانی و بڕیاریدا بەغدا بەجێبهێڵێت و لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بێت، دواتر لەبارەی ئەو بابەتەوە سکاڵایەکی لە دادگەی فیدراڵی تۆمارکرد.
رۆژی سێشەممە، 31ـی تشرینى یەکەمى 2023 دادگەى باڵاى فیدراڵىی عێراق ئەو سکاڵایەی یەکلایی کردەوە، کە کاردیناڵ لویس ساکۆ، پارتریارکی کلدانە کاسۆلیکەکانی عێراق و جیهان لە دادگەکە لە دژى لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار تۆماری کردبوو و رایگەیاند، هیچ پاساوێک نییە، بۆ ئەوەی مەرسوومەکەی سەرۆککۆمار بە "نادەستووری" بزانێت.
کەنیسەی کلدانی بە یەکێک لە گەورەترین کەنیسەکانی عێراق دادەنرێت، بەگوێرەی خەمڵاندنەکان، ژمارەی کرستیانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئێستا 400 هەزار کەس تێناپەڕێنێت، لە کاتێکدا لەدوو دەیە لەمەوبەر ژمارەیان ملیۆنێک و 500 هەزار کەس بوو، بەڵام بەهۆی گرژی و ململانێکانەوە، کۆچیان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ