رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئەنبار 14 ئۆتۆمبێل پێکیاندادا. بەگوتەی تەندروستیی پارێزگاکە، 22 کەس برینداربوون.
ئەنەس قەیس عانی، گوتەبێژی تەندروستیی پارێزگای ئەنبار ئەمڕۆ چوارشەممە (25-12-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ بەهۆی تەمێکی چڕەوە کە مەوادی بینینی نەهێشتبوو، 14 ئۆتۆمبێل لە بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلی بچووک پێکیاندادا.
رووداوەکە لە ناوچەی حامزییە لەسەر رێگەی نێوان فەللـوجە و روومادی روویداوە.
گوتەبێژی تەندروستیی ئەنبار دەڵێت، لە رووداوەکەدا 22 کەس برینداربوون. بریندارەکانیش بۆ چارەسەر گەیێندراونەتە نەخۆشخانە.
پارێزگای ئەنبار دەکەوێتە رۆژئاوای عێراق و لە رووی رووبەرەوە گەورەترین پارێزگای عێراقە.
گوتەبێژی تەندروستیی پارێزگاکە دەڵێت، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە تەمێکی چڕ زۆربەی پارێزگای ئەنباری گرتووەتەوە و ئاماژە بەوەش دەکات، گرنگە شۆفێران خێرا لێنەخوڕن.
بەگوێرەی ئاماری دەستەى ئامار و سیستمى زانیاریى جیۆگرافیی عێراق، ساڵى رابردوو 11 هەزار و 552 رووداوی هاتووچۆ لە عێراق روویاندا و 3262 رووداویان گیانلەدەستدانیان لێکەوتووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ