رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی باڵای کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان ئاشکرای دەکات رێژەی کریستیانەکان لە عێراق بەهۆی کۆچکردنیانەوە، گەیشتووەتە تەنیا یەک لە سەتی دانیشتووانی عێراق، لەکاتێکدا پێشتر 4٪ بووە.
کاردیناڵ لویس ساکۆ، سەرۆکی باڵای کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان دەڵێت، لەدوای رووخاندنی دەسەڵاتی بەعس لە ساڵی 2003 و بەتایبەت لەپاش کۆنترۆڵکردنی موسڵ لە لایەن داعشەوە (لە ساڵی 2014) یەک ملیۆن کریستیان عێراقیان جێهێشتووە؛ بەو جۆرەش رێژەی کریستیانەکان لە 4٪ـی دانیشتووانی عێراقەوە بۆ 1٪ دابەزیوە.
کاردیناڵ لویس ساکۆ هۆکاری جێهێشتنی عێراق لەلایەن کریستینەکانەوە بۆ چوار هۆی سەرەکی دەگەڕێنێتەوە. یەکەمیان، ئاسایش؛ دووەم، سیاسەتی هۆزگەرایی. سێیەم هۆکاری ئابووری لەوانەش گەندەڵی و چوارەمیش هۆکاری کۆمەڵایەتی، وەکو تووندئاژۆیی ئایینی لەلایەن داعشەوە.
بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوی حاموڕابی و بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری لەنێوان ساڵانی 2003-2018ـەوە، نزیکەی 1200 کریستیان لە شەڕ و پێکدادان و تووندوتیژییەکاندا گیانیان لەدەستداوە، کە نزیکەی 700 لەوانە بەهۆی بوونی ناسنامەی کریستیانییانەوە کراونەتە ئامانج.
سەرۆکی باڵای کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان لە گوتارێکیدا لە ماڵپەڕی فەرمیی پاتریارکی کلدانی نووسیویەتی، کۆمەڵێک کەسایەتیی ئایینی کریستیان لە موسڵ و بەغدا رفێندراون، پاشان کوژراون، دیارترینیان مەتران پۆڵس فەرەج رەحۆ، سەرۆکی ئەساقیفەی کلدانی موسڵ.
هەر بەگوێرەی گوتارەکەی کاردیناڵ لویس ساکۆ، نزیکەی 85 کەنیسە لە بەغدا، موسڵ و بەسرە تەقێندراونەتەوە، جگە لەوەی 23 هەزار خانوو و باڵەخانە دەستیان بەسەرداگیراوە.
هەروەها دەڵێت، "دوایین رووداوی دژی کریستیانەکان کە دوایەمین نابێت، کشاندنەوەی مەرسوومی کۆماریی ژمارە 147 دژی سەرۆکی باڵای کەنیسەی کلدانی لە عیراق و جیهان بێ رێکاری یاسایی بوو".
لە درێژەی گوتارەکەیدا ئاماژەی بە دوورخستنەوەی فەرمانبەرانی دیار لە کارەکانیان و قەدەخەکردنی خواردنەوە کحولییەکان کردووە، لەکاتێکدا لە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی ئازادە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ