رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا باڵەخانەیەک بدرێتە زانکۆی کەرکووک و زەوی نیشتەجێبوونیش بدرێتە کارمەندانی وەزارەتی بەرگری و 11 بەڕێوەبەری گشتیشی لە پۆستەکانیان جێگیرکرد.
ئەمڕۆ (سێشەممە، 24-12-2024)، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، لە کۆبوونەوەکەدا چەندین بڕیار پەسند و دەرکران کە دیارترینیان بریتین لە:
- سبەی چوارشەممە پشووی فەرمییە، بە بۆنەی کریسمسەوە.
- جێگیرکردنی 11 بەڕێوەبەری گشتی لە فەرمانگە و دامەزراوەکانی دەوڵەت.
- باڵەخانەیەک کە خاوەندارێتییەکەی سەر بە دەسەڵاتی خۆجێیی پارێزگای کەرکووکە دەدرێتە زانکۆی کەرکووک.
- زیادکردنی پارە بۆ کۆمپانیای گشتیی بازاڕکردنی دەرمان و پێویستی پزیشکی (کیمادیا).
- ناردنەدەرەوەی خوێندکاران، تەنیا لە پسپۆری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییە، جگە لەو ناردنە دەرەوانەی کە لە رێگەی لیژنەی باڵا لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران دەکرێت.
- پەسندکردنی راسپاردەی بەڕێوەبەرایەتیی پەرەپێدان و رێکخستنی پیشەسازیی وەزارەتی پیشەسازیی و کانزاکان، بەم شێوەیە گومرگ بە رێژەی 50٪ بەسەر یەکەی بەرهەمی سابوونی شل دەسەپێندرێت.
- پەسندکردنی پرۆژەیاسای زانکۆی عێراق بۆ زانستی ئەمنی و رەوانەی پەرلەمان کرا.
- زەوی نیشتەجێبوون لە ناوچەی نەهرەوان لە بەغدا تەرخان بکرێت بۆ کارمەندانی وەزارەتی بەرگریی عێراق لە ئەفسەر، پلەدار و فەرمانبەران. هەروەها لە پارێزگاکانی دیکەش زەوی نیشتەجێبوون تەرخان بکرێت و بەسەر کارمەندانی وەزارەتی دابەش بکرێت.
هەر لەوبارەوە، سابت عەباسی، وەزیری بەرگری عێراق لە گوتارێکدا ڤیدیۆییدا رایگەیاند، لە ناوچەی بەسمایە زەوی تەرخان دەکرێت بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی تایبەت بە کارمەندانی وەزارەتی بەرگری.
بەگوتەی وەزیری بەرگری، وەزارەتەکەی لە ناوچەی تاجی بەردی بناخەی کۆمەڵگەی کانوون دادەنێت کە لە 15 هەزار خانوو پێکدێت بۆ فەرماندە و ئەفسەرانی سوپای عێراق.
سابت عەباسی گوتیشی، کاردەکەن بۆ ئەوەی جلی سەربازی سوپای عێراق بگۆڕن و پرۆسەکە لە شەشی کانوونی دووەمی داهاتوو دەستپێدەکات.
هەر لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دا، راپۆرتی لیژنەی چاودێریی دارایی باسکرا کە بۆ سەرۆکوەزیران بەرزکرابووەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەدواداچوونی کاری وەزارەتەکاندایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ