رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، کریستیانەکانی عێراق بەوپەڕی دڵسۆزیی و وەفاوە کاریان بۆ بنیادنانی وڵات کردووە و داوای گەڕانەوەش لە کریستیانەکانی دەرەوەی وڵات دەکات.
محەممەد شیاع سوودانی لەگەڵ پاتریارک لویس ساکۆ و عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە لە جەژنی لهدايكبوونى پێغەمبەر عيسا لە کەنیسەی ماریوسف لە بەغدا ئامادەبوو. لەدوای نوێژی قەداس، سوودانی گوتارێکی پێشکێشکرد.
سەرۆکوەزیرانی عێراق وڵاتەکەی بە ناوەندێکی مێژوویی کریستیانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناوبرد، گوتی، "کریستیانەکانیش بەشداربوونە لە بنیادنانی شارستانیی وڵاتی نێوان دوو رووبار".
محەممەد شیاع سوودانی جەختی لەوەکردەوە، "کریستیانەکان بەردەوام و بۆ هەمیشە، بەوپەڕی دڵسۆزی و وەفاوە کاریان بۆ بنیادنانی وڵات کردووە".
بەهۆی جەنگ و شەڕە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقەوە، ژمارەیەکی زۆر لە کریستیانەکان لە ساڵانی رابردوو وڵاتەکەیان جێهێشتووە. لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو بە نزیکەیی یەک ملیۆن کریستیان لە عێراق دەژیان، بەڵام ئێستا ژمارەکە بۆ چارەکی ئەوە کەمبووەتەوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق داوایەکی لەو کریستیانانە کرد کە وڵاتیان جێهێشتووە بگەڕێنەوە عێراق. گوتی، "حکومەتەکەتان ئەوەی لەبەردەستیەتی فەراهەمی کردووە، لەپێناو سەقامگیریی کریستیانەکانی عێراق. هەموو ئاسانکارییەکیش پێشکێش دەکات، بۆ گەڕانەوەی کریستیانەکانی دەرەوەی وڵات تاوەکو بەشداربن لە بنیادنانی وڵاتە خۆشەویستەکەیان."
هەر لەو رێوڕەسمەدا، لویس ساکۆ، پاتریارکی کلدان لە عێراق و جیهان گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، عێراق لە دۆخێکی سەختدایە.
ساکۆ داوای کرد هەمووان پێکەوە دەست لەناو دەست کاربکەن و پێکەوە کێشەکانیان چارەسەربکەن نەک بۆ کەسی دیکەی بەجێبهێڵن. گوتی، "ئەوان کۆمەڵەی خێرخوازییان نییە، بەڵام ئێمە دەتوانین خۆمان کێشەی خۆمان چارەسەر بکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ