رووداو دیجیتاڵ
پارێزەری محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق سکاڵا لە دژی هۆشیار زێباری تۆمار دەکات و بە هەوڵدان بۆ ناوزڕاندنی بریکاردارەکەی تۆمەتباری دەکات، هۆشیار زێباریش دەڵێت، بەڵگەی هەیە بۆ قسەکانی.
دووشەممە، 23ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئەحمەد ماجد ئەحمەد، پارێزەری محەممەد حەلبووسی، لە دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرخ لە بەغدا سکاڵاکەی تۆمار کردووە. ئەویش بەهۆی پۆستێکی هۆشیار زێباری لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، کە ناوی حەلبووسی هێنابوو.
پارێزەرەکەی حەلبووسی لە سکاڵاکەدا دەڵێت، قسەکانی زێباری لە ئێکس: "هەڕەشەی مەترسیدارن بۆ سەر محەممەد حەلبووسی، لەکاتێکدا سەرلەبەری ئەو تۆمەتانە ناڕاست و بێبنەمان، مەبەست لێی تەنیا ناوزڕاندنی حەلبووسییە. ئەو کارەی ناوبراو بە تاوان هەژمار دەکرێت، بۆیە داوا لە دادگەکەتان دەکەین سکاڵاکەی لە دژ بجوڵێنن و هەموو رێکارێکی یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر."
هۆشیار زێباری شەوی 22-12-2024 لە ئێکس نووسیبووی: "ئێستا جموجۆڵێکی سیاسی لە عێراق هەیە بۆ دوورخستنەوەی وڵات لە مەترسییەکانی خزینە نێو لافاوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست یان رۆژهەڵاتی عەرەبی یان رۆژئاوای ئاسیا. ئێمە لەگەڵ خۆپاراستن و وریایین و پشتیوانی لە حکومەتە نیشتمانییەکەمان دەکەین بۆ پاراستنی ئەزموونەکەمان."
لەگەڵ ئەوەشدا زێباری رایگەیاندبوو: "بەڵام هەوڵی بەردەوام هەیە لەلایەن هەندێک سیاسیی سوودمەند لە رووی ماددییەوە بۆ نوقمکردنی وڵات لە قەیرانەکەدا، لە سەروویانەوە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمان، لەبری خستنەڕووی پرۆژەیەکی نیشتمانیی یەکگرتوو بۆ راستکردنەوەی رێڕەوەکە."
لە دوای تۆمارکردنی سکاڵاکەی پارێزەری حەلبووسی، شەوی دووشەممە هۆشیار زێباری لە تویتێکی دیکەدا نووسی: "دانە دادگای ئێمە لەلایەن حەلبووسی و پەنابردنی بۆ دادگا لەسەر تویتێکی سیاسی، مافێکی سرووشتی خۆیەتی، بەڵام دادگا و دادپەروەری ئاگادارن و تێگەیشتوون لە کەشی سیاسی و بابەتیی گشتی لە وڵات و ناوچەکەدا، ناتوانرێت دادگە لە بەرژەوەندیی لایەنێک دژی لایەنێکی دیکە بە سیاسی بکرێت".
هۆشیار زێباری، کە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتییە، ئامادەیی خۆی نیشانداوە بچێتە بەردەم دادگە و دەڵێت: "بەڵگەی پێویستمان لەسەر ئەو بابەتە هەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ