رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران لەبارەی هێرشکردنە سەر هەر ئامانجێک لە خاکی وڵاتەکەی و بەرژەوەندییەکانی تاران لە وڵاتانی دیکە، هۆشداری دەداتە ئەمریکا و دەڵێت، "وەڵامی دەبێت."
حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران ئەمڕۆ چوارشەممە 31-01-2024 لە رێوڕەسمێکدا لە تاران گوتی، ئەم رۆژانە لەنێو قسەی بەرپرسانی ئەمریکادا گوێیان لە هەڕەشەکردن دەبێت.
فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران هۆشداریی دا و گوتی، پێیان دەڵێن "ئێرانتان تاقیکردووەتەوە" و هیچ هەڕەشەیەک بێ وەڵام ناهێڵنەوە.
هەروەها ئەمیرسەعید ئیرەوانی، نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئێران وەڵامی هەر هێرشێک دەداتەوە بکرێتە سەری.
هۆشداریی بەرپرسانی ئێران لە کاتێکدایە، دوای هێرشی رۆژی یەکشەممە بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە سنووری ئوردن کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی و برینداربوونی 40 سەربازی دیکە، سەرۆک و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی ئەمریکا رایانگەیاند، تاران بە بەرپرسیار دەزانن لە بەرامبەر ئەو هێرشە، بەهۆی ئەوەی زانیاری و پێداویستیی سەربازی دەدات بە گرووپەکانی نزیک لە خۆی.
رۆژی سێشەممە 30-01-2024 گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، لێپرسینەوە لە هەر "رێکخراوێک" دەکەن کە بەرپرسە لە هێرشکردنە سەر سەرباز، راوێژکارانی سەربازی و کارمەندانی ئەمریکی لە عێراق، سووریا و وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ