ئێران لەدژی لێدوانەکانی ترەمپ پەنا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دەبات

01-04-2025
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نوێنەرایەتیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە نامەی فەرمی بە بەرپرسانی باڵای ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییەی رایگەیاند، لێدوانی "بێباکانە و دووژمنکارانە"ـی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی بۆردوومانی ئێران، پێشێلکردنی زەقی یاسای نێودەوڵەتی و بنەما سەرەکییەکانی جارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
 
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، ئەمیرسەعید ئیرەوانی، نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، سەبارەت بە هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمریکا لە دژی ئێران، بە جیا نامەی بۆ کریستینا مارکووس لاسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ناردووە.
 
لە نامەکەدا بۆ بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمیرسەعید ئیرەوانی، لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەدژی ئێران بە "بێباکانە و دووژمنکارانە" ناودەبات و دەڵێت، پێشێلکردنی زەقی یاسای نێودەوڵەتی و بنەما سەرەکییەکانی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
 
ئیرەوانی رایگەیاندووە، "سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە دوای دەستبەکاربوونی لە مانگی یەکەمی ساڵی 2025، هەموو نۆرم و بنەما نێودەوڵەتییەکانی پشتگوێخستووە و پێشێلی کردووە کە بناخەی دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتووەکان پێکدەهێنن. ئەو بەردەوام بە بەکارهێنانی هێز، هەڕەشە لە وڵاتانی سەربەخۆ دەکات؛ شێوازێک کە پراکتیکێکی مەترسیدار لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دروست دەکات."
 
لە نامەکەی ئێران بۆ بەرپرسانی نەتەوەیەکگرتووەکاندا هاتووە "جێگەی داخ و نیگەرانییەکی زۆرە، کە ئەمریکا سەرەڕای ئەوەی ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە، بە ئاشکرا ئەرکەکان و پابەندییەکانی بەپێی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتگوێ دەخات و، دەسەڵاتی سەربازی وەک ئامرازی سەرەکیی گوشار بەکاردێنێ بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجە سیاسی و جیۆپۆلەتیکییەکانی."
 
نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات، بەرپرسیاریێتی خۆی لە چوارچێوەی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی جێبەجێ بکات. 
 
ئەمیرسەعید ئیرەوانی دەڵێت، "ئەنجوومەنی ئاسایش پێویستە بە بێ دوودڵی، هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمریکا بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان شەرمەزار بکات و، داوا لە ئەمریکا بکات پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت." 
 
هەڕەشەش دەکات و دەڵێت: "کۆماری ئیسلامیی ئێران لەدژی هەر جۆرە سەرکێشییەکی سەربازی هۆشداری جیددی دەدات و رایدەگەیێنێت، بە خێرایی و بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە وەڵامی هەر کردەوەیەکی شەڕانگێزانە یان هەر هێرشێکی ئەمریکا و بریکارەکەی (بەتایبەتی) رژێمی ئیسرائیل لە دژی سەروەری، یەکپارچەیی خاک و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی دەداتەوە." دەشڵێت، "بەرپرسیارێتی تەواوی ئەنجامە ترسناکەکانی هەر کارێکی دوژمنکارانە، بە تەواوی لە ئەستۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادایە."
 
رۆژی 30ـی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لە کەناڵی سی بێ ئێس نیووزی ئەمریکی، هەڕەشەی لە ئێران کرد و رایگەیاند، ئەگەر لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی رێکنەکەون، بۆمبارانی دەکات.
 
ترەمپ گوتی، "ئەگەر ئەوان [لەگەڵمان] رێکنەکەون، بۆردوومان روودەدات. بۆردوومانێک دەبێت کە هەرگیز پێشتر شتی وایان نەبینیوە."
 
رۆژی چوارشەممە، 26ـی ئاداری 2025، ئێران لە رێگەی عومانەوە، بە فەرمی وەڵامی نامەیەکی ترەمپی دایەوە کە تێیدا سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازیکردبوو گفتوگۆ لەسەر رێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی بکەن، ئەگەر نا، بژاردەی دیکە لە دژی ئێران بەکاردێنێت.
 
ترەمپ لە نامەکەیدا دوو مانگ مۆڵەتی بە ئێران دابوو بۆ ئەوەی رێککەوتنێکی نوێ بکات، بە پێچەوانەوە دەکرێت ئەمریکا هێرشی سەربازی بکاتە سەر ئێران.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە