وەزیری دەرەوەی ئێران و بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بە تەلەفۆن قسەیان کرد

01-04-2025
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران و بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران قسەیان کرد.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 1ی نیسانی 2025 وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاویکردەوە، "عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، بە تەلەفۆن دوایین دۆخی هاوکاریی نێوان ئێران و ئاژانسی وزەی ئەتۆمیان تاوتوێ کرد."
 
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، عەباس عێراقچی رایگەیاندووە، پێویستە ئاژانسەکە هەڵوێستێکی روون و ئاشکرای هەبێت سەبارەت بە هەڕەشەکان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.
 
عێراقچی ئاماژەی بەوەشکردووە، "بە سەرنجدان بە بەردەوامیی ئەو هەڕەشانە، کۆماری ئیسلامی ئێران هەموو رێوشوێنێکی پێویست بۆ پاراستنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەگرێتەبەر."
 
پەیوەندییەکە لە کاتێکدایە، ئیسرائیل و ئەمریکا هەڕەشە دەکەن و دەڵێن، رێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
 
30ی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی هەڕەشەی لە ئێران کرد و رایگەیاند، ئەگەر لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی رێکنەکەون، بۆردوومانی دەکات.
 
ترەمپ گوتی، "ئەگەر ئەوان [لەگەڵمان] رێکنەکەون، بۆردوومان روودەدات؛ بۆردوومانێک کە هەرگیز پێشتر شتی وایان نەبینیوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە