رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی ئێران دەڵێت، بودجەی سەربازیی وڵاتەکە دوو بەرامبەر زیاد دەکەن.
رۆژی سێشەممە 29-10-2024 فاتیمە موهاجیرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە تاران رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی هەنگاوێکی گرتووەتەبەر کە خۆی لە "زیادکردنی زیاتر لە 200% بودجەی سەربازیدا دەبینێتەوە."
گوتەبێژی حکومەتی ئێران گوتی، "هەموو هەوڵێک بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی بەرگری دراوە."
ئەم ساڵ بودجەی سەربازیی ئێران 469 تریلیۆن تمەن بوو و بەو پێیە ساڵی داهاتوو بودجەی سەربازیی ئێران دەگاتە 938 تریلیۆن تمەن کە دەکاتە نزیکەی 15 ملیار دۆلار.
هەنگاوەکەی ئێران بۆ زیادکردنی بودجەی سەربازی لە کاتێکدایە، جەنگێک بەشێکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گرتوەتەوە و ئێرانیش بووەتە بەشێک لێی.
رۆژی شەممە 26-10-2024، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران. بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا شوینی دروستکردنی ئەو درۆن و مووشەکانە بەئامانجگیراوە کە ئێران لە هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل بەکاریهێناون.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند هێرشەکەیان بە "سەرکەوتوویی" ئەنجامداوە و فڕۆکەکان گەڕاونەتەوە شوینی خۆیان.
دواتر ئێران رایگەیاند، زۆربەی هێرشەکان لەلایەن سیستمی بەرگریی وڵاتەکە بەرپەچدراونەتەوە و زیانێکی "سنووردار" بە وڵاتەکە گەیشتووە.
ئێرانیش 01-10-2024 بە نزیکەی 200 مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ