وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی رووسیا دەکات

17-04-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزی ئێران لە رووسیا دەڵێت، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی سەردانی رووسیا دەکات؛ وەزیری دەرەوەی ئێرانیش گەیاندنی نامەی خامنەیی بە سەرۆککۆماری رووسیا وەک ئامانجی سەردانەکەی راگەیاندووە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 16-04-2025، کازم جەلالی، باڵیۆزی ئێران لە مۆسکۆ لە ئێکس بڵاوی کردەوە، ''لە درێژەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و رووسیا لە ئاستی باڵادا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەمان بە مەبەستی راوێژکردن بە بەرپرسانی باڵای رووسیا، دەگاتە مۆسکۆ.''
 
کازم جەلالی گوتی: ''بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، هاوکاریی ناوچەیی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان'' لە ئەجێندای گفتۆگۆکانی سەردانەکەدا دەبن.
 
هاوکات عەباس عێراقچیش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بە گەشتەکەی بۆ مۆسکۆ کرد و گوتی، ئامانج لێی، گەیاندنی نامەیەکی نووسراوی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانە بە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆککۆماری رووسیا.
 
سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران لەکاتێکدایە، بڕیارە شەممەی داهاتوو لە گەڕی دووەمی دانوستاندنەکاندا لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی وڵاتەکەی، لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆککۆماری ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئیتاڵیا کۆببێتەوە. 
 
یەکەم گەڕی دانوستاندنەکان شەممەی رابردوو، بە سەرۆکایەتیی عێراقچی و ستیڤ ویتکۆف لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەچوو کە دواتر هەردوو وڵات کۆبوونەوەکەیان بە "ئەرێنی" ناوبرد.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە