رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئەگەر بە گفتوگۆ چارەسەرێک بۆ بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران نەدۆزنەوە، ئەوا "شتی زۆر زۆر خراپ بەسەر ئێران دێت."
ترەمپ رۆژی هەینی لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئێران لە ریزی سەرەوەی ئەو شتانەیە کە چاودێرییان دەکەم."
ترەمپ 12ی ئادار لە رێگەی ئەنوەر قەرقاش، دیپلۆماسی باڵای ئیماراتەوە نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران نارد.
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: "بەم دواییانە نامەیەکەم بۆ ئەوان نارد و پێم گوتن، پێویستە بە رێگەیەک لە رێگەکان بڕیار بدەن؛ یان بە گفتوگۆ چارەسەرێک دەدۆزینەوە یانیش شتی زۆر زۆر خراپ بەسەر ئێران دێن. بەڵام من نامەوێت ئەوەی دووەم رووبدات."
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها هۆشداریدا: "لە پێگەی هێز و لاوازییەوە قسە ناکەم، بەڵام حەزی گەورەی من ئەوەیە کە لەگەڵ ئێران بگەینە چارەسەر. ئەگەر چارەسەری نەکەین، ئەوا شتی زۆر خراپ بەسەر ئێران دێت."
میدیای فەرمیی ئێران رۆژی پێنجشەممە بڵاویکردەوە، تاران بە فەرمی وەڵامی نامەکەی داوەتەوە.
ئاژانسی ئیرنا لە زاری عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە بڵاویکردەوە، وەڵامی ئێران رۆژی چوارشەممە "بە شێوەیەکی گونجاو لە رێگەی عومانەوە نێردراوە".
نامەکە لە کاتێکدایە، ئیدارەی ترەمپ لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئەوپەڕی گوشاردا" سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاندووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ