رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران لە بارەی نامەکەی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هەرچەندە دانوستاندنی راستەوخۆ رەتکراوەتەوە، بەڵام رێگەی دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ کراوەیە.
رۆژی یەکشەممە، 30ی ئاداری 2025، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەت رایگەیاند، "لە وەڵامی نامەکەی ئەمریکادا جەخت لەوە کراوەتەوە، کە ئێران هەرگیز خۆی لە دانوستانەکاندنەکان بەدوور نەگرتووە و تەنیا پێشێلکردنی بەڵێنەکان بووە کە کێشەی بۆ دانوستاندن دروست کردووە".
پزیشکیان گوتی: "پێویستە متمانە بگەڕێتەوە و ئەوە چۆنیەتی رەفتاری ئەمریکییەکانە کە شێوازی دانوستاندن دیاری دەکات".
رۆژی 12ی ئاداری ئەم ساڵ، راوێژکاری سەرۆکی ئیمارات نامەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی گەیاندە تاران.
رۆژی 27ی ئاداری 2025، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران راگەیاند، وەڵامی فەرمیی ئێران بۆ نامەی سەرۆکی ئەمریکا بە شێوەی گونجاو و لە رێگەی عومانەوە نێردراوە.
نامەکە لە کاتێکدایە، ئیدارەی ترەمپ لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئەوپەڕی گوشاردا" سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاندووەتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئەگەر بە گفتوگۆ چارەسەرێک بۆ بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران نەدۆزنەوە، ئەوا "شتی زۆر زۆر خراپ بەسەر ئێران دێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ