رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، دۆناڵد ترەمپ لە بەشێکی نامەکەیدا بۆ ئێران هەڕەشەی کردبوو، بەڵام "ئێمە لە هیچ کەس قبووڵ ناکەین بە زمانی هەڕەشە لەگەڵ خەڵکی ئێران بدوێت."
رۆژی هەینی 28ی ئاداری 2025 عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە نامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "نامەکەی سەرۆکی ئەمریکامان بەدەست گەیشت و بە وردی تاوتوێ کرا. نامەکە رەهەندی جیاوازی هەیە و هەڕەشە لە بەشێکیدا هەیە، بەڵام رێگە نادەین کەس بە زمانی هەڕەشە لەگەڵ خەڵکی ئێران قسە بکات."
هەروەها عێراقچی ئاماژەی بەوەش کردووە، "بێگومان نامەکە هەوڵ دەدات پەنجەرەیەک بۆ دیپلۆماسیش بکاتەوە. بە وردی نامەکەمان تاوتوێ کرد و هەڵسەنگاندنمان بۆ لایەنە جیاوازەکانی کرد، بە شێوەیەکی گونجاویش وەڵامی خۆمان بە لایەنی ئەمریکی گەیاند."
وەزیری دەرەوەی ئیران باسی لەوەش کردووە، "لە دۆخێکی زۆر هەستیارداین؛ لە هەموو سووچێکی ناوچەکەدا ململانێ هەیە."
سەبارەت بەوەی بۆچی لە رێگەی عومانەوە وەڵامی نامەکەی ترەمپیان داوەتەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، "لە رابردوودا عومان رۆڵی هەبووە. ئەوان لە دانوستاندنەکانی پەیوەندیدار بە رێککەوتنی ئەتۆمی و لە دانوستاندنەکانی چەند ساڵی رابردوودا لە کابینەی شەهید رەئیسی رۆڵی نێوبژیوانییان گێڕا."
عێراقچی دەشڵێت، "ئەزموونێکی باشمان لەگەڵ عومان هەیە؛ متمانەمان بە نیازپاکی عومان هەیە و پەیوەندییەکی باش لەنێوان هەردوو وڵات هەیە. پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنی هاوبەشە. بۆیەش سرووشتییە عومان هەڵبژێرین."
ئەمریکا لە رێگەی ئیماراتەوە نامەکەی گەیاندە دەستی بەرپرسانی ئێران.
عەلی خامنەیی 21ی ئاداری 2025 گوتی، "دەبێت ئەمریکی و زایۆنییەکان بزانن ئێمە هیچ کات دەستپێشخەریی شەڕ و تێکهەڵچوون نەبووین، بەڵام ئەگەر کەسێک دەستپێشخەری بکات، بە تووندترین شێوە وەڵامی دەدەینەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ