رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، ''مەبەستی ئەمریکا لە دانوستاندن زاڵبوونە بۆ لە چەکداماڵینمان''؛ گوتیشی، ''دەستدرێژی بکەنە سەر سنوورەکانمان، وەکو چەخماخەیەکی نێو کۆگەی بارووت، سەرجەم ناوچەکە دەتەقێتەوە، ئەوکات بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانیشیان پارێزراو نابن.''
ئەمڕۆ هەینی، 28-03-2025، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە ساڵیادی "رۆژی جیهانیی قودس"دا، لە زانکۆی تاران گوتارێکی پێشکێشکرد و لەبارەی ئەگەری دانوستاندنی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا رایگەیاند، ''دانوستاندن لەژێر هەڕەشەدا، بە واتای زاڵبوونی ئەمریکا و سەپاندنی داواکارییەکانی بەسەر ئێمەدایە.''
محەممەدباقر قالیباف گوتی: ''دەسەڵاتدارانی ئەمریکا دەیانەوێت سەرەڕای لەبەرچاونەگرتنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی گەلی ئێران، تواناکانی بەرگریشمان لەنێوببەن، بۆیە باس لە دانوستاندن دەکەن''.
بەگوتەی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، مەبەستی ئەمریکا لە دانوستاندن، لە چەکداماڵینی ئێران و زاڵبوونە بەسەریدا، ''بەڵام دانوستاندن لە رێگەی قبووڵکردنی زۆرەملێی داواکارییەکانی دوژمن، پێشەکییەکە بۆ شەڕ، هیچ گەلێکی ئاگا و بوێر شتێکی لەو شێوەیە قبووڵ ناکات.''
07ـی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ نامەیەکی بۆ رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ناردووە و بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە یان بە دانوستاندن یان بە شەڕ دەبێت پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران یەکلایی بکرێتەوە.
هاوکات لەگەڵ پێداگربوونی عەلی خامنەیی بۆ رەتکردنەوەی دانوستاندندنی راستەوخۆ. دوێنێ پێنجشەممە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "وەڵامی فەرمیی ئێران بۆ نامەی ترەمپ، رۆژی چوارشەممە، 26ـی مانگ لە رێگەی عومانەوە نێردراوە.''
قالیباف بەبێ ئاماژەدان بە وەڵامی ئێران، باسی لە نێوەرۆکی نامەکەی ترەمپ کرد و گوتی، ''لەو نامەیەدا هیچ قسەیەکی ئەرێنی لەبارەی هەڵگرتنی سزاکان نەکراوە.''
دوای ناردنی نامەکەی بۆ عەلی خامنەیی، ترەمپ لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی گوت، "ئەمە کاتێکی سەرنجڕاکێشە لە مێژووی جیهاندا، بەڵام دۆخێکمان لەگەڵ ئێران هەیە و شتێک زۆر زوو روودەدات، زۆر زۆر زوو".
ترەمپ روونی نەکردەوە مەبەستی لەو شتە چییە، بەڵام پێشتر هەڕەشەی لە ئێران کردووە، کە ئەگەر دانوستاندن سەر نەگرێت، ئەوا بە هێرشی سەربازی کۆتایی بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی دێنێت.
محەممەدباقر قالیباف هۆشداری دەدات و دەڵێت: ''دەستدرێژیکردنە سەر ئێران، وەک چەخماخەیەکە لەنێو کۆگەیەکی بارووتدا کە سەرجەم ناوچەکە دەتەقێنێتەوە؛ ئەوکات بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان پارێزراو نابن.''
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوەدا، وڵاتەکەی دانوستاندنی دادپەروەرانە رەتناکاتەوە و بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمی، بەردەوام لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپی لەسەر هێڵن.
لەم چەند مانگەی دواییدا، تاران دەستی بە هەوڵی دیپلۆماسی کردووە لەگەڵ سێ وڵاتە ئەورووپییەکە (بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا)، بۆ ئەوەی کێشە ئەتۆمییەکان چارەسەر بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ