سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی لە دیوانی باڵای دادوەریی ئێران پەسند کرا

18 کاژێر له‌مه‌وپێش
ناسر پیرۆتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دیوانی باڵای دادوەریی ئێران سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، ژنە چالاکڤانی کوردی پەسند کرد.
 
ئەمیر رەئیسیان، پارێزەری پەخشان عەزیزی رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، بڕیاری دیوانی باڵای دادوەریی ئێران لەبارەی پەسندکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزییان پێڕاگەیێندراوە. 
 
بە گوتەی پارێزەرەکەی، پەخشان عەزیزی نە لە هیچ گرووپێکی سەربازیدا ئەندام بووە و نە چالاکی سەربازی هەبووە و بڕیاری دادگەی تاران و دیوانی باڵای دادوەری ئێران پێچەوانەی بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانەیە. دەشڵێت، داوای پێداچوونەوە بەو بڕیارەدا دەکەن.
 
پەخشان عەزیزی لەدایکبووی ساڵی 1984ـە و خەڵکی مهابادە. بەشی یاریدەدەری کۆمەڵایەتی لە زانکۆکانی تەورێز و تاران تەواو کردووە. ئەو لە 4ـی ئابی 2023 لەکاتێکدا لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکەی لە تاران بوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەستبەسەر کرا و لە دادگەی شۆڕشی تاران بە تۆمەتی چالاکی چەکداری دژ بە دەسەڵاتی ئێران دادگاییکرا و بە لەسێدارەدان سزا درا. 
 
پەخشان عەزیزی دوای دەستپێکردنی شەڕی داعش سەردانی باشوور و رۆژئاوای کوردستانی کردووە و لە کەمپی پەنابەراندا وەکو یاریدەدەری کۆمەڵایەتی بە تایبەت هاوکاری ژن و منداڵانی کردووە. ژمارەیەک رێکخراوی نێودەوڵەتی هاوکاری کۆچبەران لە نامەیەکدا بۆ دەزگای دادی ئێران پشتڕاستیان کردووەتەوە، پەخشان عەزیزی هاوکاری لێقەوماوانی شەڕی کردووە.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە کەسوکاری پەخشان عەزیزییەوە بە تۆڕی میدیایی رووداو گەیشتووە، ئەو لە کاتی لێکۆڵینەوە و دادگاشدا، ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە و رایگەیاندووە، وەکو چالاکڤانێکی سەربەخۆ لە بواری کۆمەڵایەتی و مافی ژناندا چالاکی هەبووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە