رووداو دیجیتاڵ
شوێنی بەڕێوەچوونی گەڕی دووەمی دانوستاندنی نێوان ئێران و ئەمریکا جارێکی دیکە گۆڕدرا و ئێرانیش رەخنەی لێ دەگرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی نیسانی 2025، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پۆستێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "گۆڕینی دووبارەی شوێنی دانوستاندن دەتوانێت نیشانەیەک بێت بۆ جیدی نەبوون و نەبوونی نیازپاکی و دەتوانێت ئەو هەوڵانە تووشی شکست بکات، کە بۆ کرانەوە دەدرێن."
میدیاکانی ئەمریکا رایانگەیاند، گەڕی دووەمی دانوستاندنەکە لە رۆمای ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت، میدیای فەرمیی ئێران هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، دانوستاندنەکە شەممە لە رۆما بەڕێوەدەچێت.
دوای بەڕێوەچوونی گەڕی یەکەمی دانوستاندن لە شەممەی رابردوو، بەرپرسانی ئێران و ئیتاڵیا رایانگەیاند، گەڕی دووەمی دانوستاندن لە رۆما بەڕێوەدەچێت، بەڵام دواتر ئێران رایگەیاند، گەڕی دووەمیش لە عومان دەبێت.
رۆژی شەممە 12ـی نیسانی 2025، بۆ یەکەمین جار بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ و بەرپرسانی تاران لە عومان کۆبوونەوە.
بەرپرسانی هەردوولا رایانگەیاند، گفتوگۆکان "ئەرێنی و بونیادنەرانە" بوون.
عەلی خامنەیی رایگەیاند گفتوگۆکان "لە هەنگاوەکانی سەرەتا بە باشی بەڕێوەچوون. ئێمە زۆر رەشبینین بەرامبەر لایەنەکەی دیکە، بەڵام بە تواناکانی خۆمان گەشبینین."
سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری بە ئێران داوە کە ئەگەر لەسەر سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی نەگەنە رێککەوتن، ئەوا هێرشی سەربازی دەکاتە سەری.
ترەمپ پێیوایە ئێران هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دەدات، بەڵام تاران ئەوە رەتدەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە کە ئامانجی لە وزەی ئەتۆمی تەنیا بەرهەمهێنانی کارەبا و لێکۆڵینەوەی پزیشکییە.
دوێنێ سێشەممە نووسینگەی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئێکس بڵاوی کردەوە: "هەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران دەبێت مەرجەکانی سەرۆکی ئەمریکای تێدابێت".
نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەشڵێت: "هەر رێککەوتنێک واژۆبکرێت، دەبێت چوارچێوەیەک بۆ ئاشتی، سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دابنێت".
ستیڤ ویتکۆف داوای لە ئێران کرد، "پیتاندنی یۆرانیۆم و پڕۆگرامی دروستکردنی چەک رابگرێت و نەیانهێڵێت". گوتیشی: "زۆر گرنگە بۆ جیهان رێککەوتنێکی بەهێز و دادپەروەرانە بکەین کە درێژمەودا بێت".
ساڵی 2015 ئێران و زلهێزەکانی جیهان رێککەوتنێکیان واژۆکرد بۆ ئەوەی تاران بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار بکات، لە بەرامبەر ئەوەشدا سزا ئابوورییەکانی لەسەری هەڵبگیرێن، بەڵام ساڵی 2018 ئەمریکا تاکلایەنە لە رێککەوتنەکە کشایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ