رووداو دیجیتاڵ
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایدەگەیێنێت، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە گۆڕانکارییەکی گەورەدا تێدەپەڕێت و دەشڵێت، ئەوان ئامادەن یارمەتی دیمەشق بدەن. وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، دەبێت رێکخراوی داعش لە رووی ئایدۆلۆژییەوە بنەبڕ بکرێت.
رۆژی چوارشەممە، 16ـی نیسانی 2025، نۆیەمین دیداری سلێمانی بە بەشداری چەندین کەسایەتیی نێوخۆیی و بیانی لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی دەستیپێکرد.
لە دیدارەکەدا پانێڵێک بە ناونیشانی "ئێران، عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەراست" بەڕێوەچوو. هەریەکە لە سەعید خەتیبزادە، جێگری وەزیری دەرەوەی كۆمارى ئيسلاميى ئێران، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و باربارا لیڤ، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک بەشدار بوون.
"چاودێری سووریا دەکەین"
سەعید خەتیبزادە لە پانێڵەکەدا باسی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی کرد و گوتی، "بۆ هەموو لایەک روونە کە ئەو ناوچەیە [رۆژهەڵاتی نێوەڕاست] بە گۆڕانکارییەکی گەورەدا تێدەپەڕێت."
خەتیبزاد لەبارەی دۆخی ئێستای سووریا گوتی، "لەراستیدا دەمەوێت لەبارەی سووریا گەشبین بم، بەڵام ئایا دەتوانم؟ ئایا ئێستا داگیرکارییەکی کەمتر لە سووریا هەیە؟ ئیسرائیلییەکان نەک تەنیا بەرزاییەکانی گۆلانیان داگیر کردووە، بەڵکو تەنیا 14 کیلۆمەتر لە دیمەشق دوورن."
گوتیشی، "هەر وڵاتێک کە لە ژێر داگیرکاریدا بێت، ناتوانێت بگەشێتەوە، ناتوانێت بەرەوپێشەوە بچێت، ناتوانێت سەقامگیر بێت و ناتوانێت لەئاشتیدا بێت. ئیسرائیلییەکانیش ئەوێ بەجێناهێڵن، بەڵکو لەوێ دەمێننەوە. بەشێکی سووریا لەلایەن ئەمریکاوە داگیر کراوە و بەشەکەی دیکەش لەلایەن تورکیاوە."
ئەو بەرپرسەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە بە وریاییەوە چاودێری ئەوە دەکەین کە لە سووریا روودەدات و پاڵپشتی لە گەلی سووریا دەکەین. ئێمە بە نیازپاکییەوە یارمەتی [سووریا] دەدەین و هەوڵ دەدەین کە حکومەتی سووریا تاوەکو بتوانێت گشتگیر بێت."
خەتیبزادە دەشڵێت، "ئەگەر ئێران لە سووریا نەبووایە، ئێستا هیچ کەس نەیدەتوانی قسە لەسەر دەستەی تەحریری شام بکات، داعش ئێستا لە دەسەڵات دەبوو. بەهیوام کە دەستەی تەحریری شام و ئەحمەد شەرع بتوانن لەماوەیەکی نزیکدا حکومەتێکی گشتگیر دامەزرێنن."
"کورد یەکێکە لە هاوبەشە سەرەکییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست"
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەبارەی کێشەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گوتی، "کێشەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ماوەیەکی زۆرە دەستیپێکردووە، کێشەکان لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەییەوە دەستیانپێکرد."
گوتیشی، "ئێمە وەکو نەتەوەی کورد و وەکو کوردستانییان یەکێکین لە هاوبەشە سەرەکییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەڵام بەداخەوە لە مێژوودا هیچ بڕیارنامەیەکی دادپەروەرانە سەبارەت بە نەتەوەکەمان و داهاتووی ناوچەکە نەبووە."
رێبەر ئەحمەد پێیوایە کاتێک کە باسی سەقامگیری دەکرێت، دەبێت وریای داهاتووی نەتەوەی کورد بن.
لەبارەی بنەبڕکردنی رێکخراوی داعشیش، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان گوتی، دەبێت داعش لە رووی ئایدۆلۆژییەوە بنەبڕ بکرێت، "ئەگەر نا بەشێوازێكی دیکە، بەناوێکی دیکە و لە کاتێکی دیکە دووبارە رووبەڕووی تیرۆر دەبینەوە."
رێبەر ئەحمەد باسی لە زیندانەکانی چەکدارانی داعش و کەسوکارەکانیان لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان کرد و گوتی، "کەمپی هۆڵ نەک تەنیا بۆ سووریا، بەڵکو بۆ سەقامگیری و ئاسایشی تەواوی جیهان ئاڵنگارییە، لەبەرئەوەی ژمارەیەکی زۆر چەکداری بیانی لەنێو ئەم کەمپەدا هەن، هەروەها هەزاران خێزانی عێراق و ئەندامانی گرووپی تیرۆر لەم کەمپانەدا هەن."
"بە داگیکەر ناومان نەهێندراوە"
باربارا لیڤ، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک لە پانێڵەکەدا باسی لە حکومەتی نوێی سووریا کرد و گوتی، دەبێت لەسەر شێوازی وەڵامدانەوەی ئەو تاقیکردنەوانەی رووبەڕووی دەکرێنەوە، بڕیار لەسەر ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سووریا بدرێت.
باربارا ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە یارمەتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریای داوە بۆ ئەوەی "تووندووتیژی بەرامبەر ملیۆنان سووریایی بکات".
لە پانێڵەکدا جێگری وەزیری دەرەوەی كۆمارى ئيسلاميى ئێران ئەمریکای بەوە تۆمەتبار کرد کە بەشێکی خاکی سووریای داگیر کردووە.
باربارا لیڤ لە وەڵامی ئەو بەرپرسە ئێرانییەدا گوتی، "ئێمە [ئەمریکا] تاوەکو ئێستا لەلایەن حکومەتی سووریاوە پێمان نەگوتراوە کە خاکی سووریامان داگیر کردووە، بەڵکو ئێمە تەنیا یارمەتی [سووریا] دەدەین کە دژی داعش بوەستێتەوە. هەروەها ئێمە ئاشتیمان لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و دیمەشق هێنایە ئاراوە."
لەبارەی دۆخی لوبنانیش، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی، "حیزبوڵڵا بۆ سەروەری و دامەزراوەکانی ئیسرائیل هەڕەشەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ