عێراقچی: ئێران هەوڵی زیادکردنی گرژی نادات، بەڵام لە شەڕیش ناترسێت

07-10-2024
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی ئێران بە هاوتا میسرییەکەی راگەیاند، ئێران هەوڵی زیادکردنی گرژییەکان لە ناوچەکە نادات، بەڵام لە شەڕیش ناترسێت.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 7ی تشرینی یەکەمی 2021، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و بەدرعەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر بە تەلەفۆن قسەیان کرد. 
 
وەزارەتی دەرەوەی ئێران  لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە، عەباس عێراقچی و بەدرعەبدولعاتی، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا باسیان لە پێشخستنی پەیوەندییە دوولایەنەکانی نێوانیان، دوایین پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەتایبەت هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و لوبنان کردووە. هەروەها هەردوولا جەختیان لە زیادکردنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان کردەوە بۆ راگرتنی شەر لە غەززە و لوبنان و ناردنی هاوکاری مرۆیی بۆ ئاوارەکان.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئاماژەدان بە سەردانەکەی ئەم دواییەی خۆی بۆ بەیروت، دۆخی خۆڕاگری لە لوبنان بە "باش" وەسف کردووە و جەختی لە ئامادەیی تەواوی هێزەکانی بەرەی مقاوەمە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەگەری هێرشی زەوینی لەلایەن سوپای ئیسرائیل کردەوە.
 
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە: "کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵی زیادکردنی گرژی و شەڕ لە ناوچەکەدا نادات؛ بەڵام لە شەڕیش ناترسێت و وەڵامێکی تووند و شیاوی بۆ هەر کردەوەیەکی ئیسرائیل دەبێت."
 
1ـی تشرینی یەکەمی 2024، ئێران هێرشێکی مووشەکی فراوانی کردە سەر ئیسرائیل. سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بە 200 مووشەک هێرشیان کردووە و هێرشەکەش وەڵامێک بووە بۆ کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماس، حەسەن نەسروڵڵا، سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵا و عەباس نیلفرووشان، فەرماندەی سوپای پاسداران لە لوبنان.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە