رووداو دیجیتاڵ
پەیکەرێکی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، کە بە ساڵێک و تێچووی 150 ملیۆن تمەن دروستکرابوو، لە فولکەیەکی شاری شارکورد دانرا، بەڵام دوای چەند کاژێرێک لە دانانی، سووتێندرا.
ئەو پەیکەرە بەبۆنەی دووەمین ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی لە فڕۆکەخانەی بەغدا، رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە گۆڕەپانی قەمەری بەنی هاشم لە شارکورد، ناوەندی پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری، دانرابوو. بەڵام دوی چەند کاژێرێک لە شەوی هەمان رۆژدا سووتێندرا.
محەممەد عەلی نێکونام، نوێنەری عەلی خامنەیی رێبەری ئێران لە پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری، سووتاندنی پەیکەرەکەی وەک "تاوان" لە قەڵەم داوە و گوتوویەتی: "ئەم تاوانە لە تاریکی شەودا هەر وەک ئەو تاوانەیە کە لە فڕۆکەخانەی بەغدا لە بێدەنگیی شەو و لەوپەڕی ناجوانمێریدا روویدا".
پێشتریش پەیکەری و وێنەکانی قاسم سولەیمانی سووتێنراون. رۆژی 31-08-2021 لە شاری یاسوج، ناوەندی پارێزگای کۆهگیلویە و بۆیرئەحمەد، پەیکەرێکی قاسم سلێمانی ئاگری تێبەردرا. ئەو کات داواکاری گشتیی یاسوج گوتی: ئەو کەسەی پەیکەرەکەی سووتاندووە دەستگیرکراوە
قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لەگەڵ ئەبوو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی گشتیی حەشدی شەعبی، شەوی 03-01-2019 لە فڕۆکەخانەی بەغدا لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکاوە کرانە ئامانج و کوژران.
حکومەتی ئێران لە دوو ساڵی رابردوودا لە رۆژی کوژرانی قاسم سولەیمانیدا رێوڕەسمی گەورەی رێکخستووە و وەکوو قارەمانێکی نیشتمانیی رێزیان لە قاسم سلێمانی گرتووە.
بەڵام سیاسەتەکانی قاسم سولەیمانی بۆ برەودانی بە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وڵاتانی ناوچە و پشتگیریکردنی لە گرووپەکانی ناوچەکە، لەگەڵ ناڕەزایەتی و رەخنەی بەشێک لە ئێرانییەکان رووبەڕوو بووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ