پزیشکیان: سێ دەسەڵاتەکەی ئێران گەیشتوونەتە روانگەیەکی هاوبەش بۆ لابردنی فیلتەری ئینتەرنێت

دوێنێ کاژێر 08:39
رووداو @Rudawkurdish
هێشتا لە ئێران سێ بۆچوونی جیاواز هەن لەسەر هەڵگرتنی فیلتەر لەسەر ئینتەرنێت
هێشتا لە ئێران سێ بۆچوونی جیاواز هەن لەسەر هەڵگرتنی فیلتەر لەسەر ئینتەرنێت
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵگرتنی فیلتەر لەسەر ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، باسی گەرمی نێو خەڵک و میدیای ئێرانە. حکومەت بەڵێنی داوە بە زوویی مزگێنیی هەڵگرتنی فیلتەر بە خەڵک بدات.
 
سەرۆککۆماری ئێران پاشنیوەڕۆی دووشەممە لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ رێبەرانی حیزبی کارگوزاران رایگەیاند، خەریکە هەوڵەکانیان بە ئەنجام دەگات.
 
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، لەبارەی هەڵگرتنی فیلتەری ئینتەرنێت، سەرۆکی سێ دەسەڵاتەکەی ئەو وڵاتە گەیشتوونەتە روانگەیەکی هاوبەش و خەریکە کێشەکە چارەسەر دەکەن.
 
بەڵام سەرۆکی دەزگای دادی ئێران ئەمڕۆ رایگەیاند، هێشتا سێ بۆچوونی جیاواز هەن، یەکێکیان لەگەڵ بەردەوامیی فیلتەرکردنە، یەکێکی دیکەش لەگەڵ هەڵگرتنی تەواوی فیلتەرە و ئەوی دیکەش پێیوایە دەبێت هەنگاو بە هەنگاو فیلتەر کەم بکەنەوە.
 
غوڵامحوسێن موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەزگای دادی ئێران رایگەیاند، "روانگەیەک ئەوەیە بە تەواوی هەڵیبگرین و هیچ سنووردارییەک نەمێنێت. لایەنگرانی ئەو روانگەیە دەڵێن، هەر جۆرە سنووردارییەکی کە ساڵی 2022 دانراوە یان ئەوانەی لەلایەن لیژنەی تایبەتمەندەوە و دەسەڵاتی دادوەری دانراون، هەموویان هەڵبگیرێن و هیچ سنووردارییەک نەمێنێت. لە بەرامبەردا هەندێک دەڵێن، بەو شێوەیە نابێت و ئەگەر وابێت، سەروەریی وڵات تێکدەدات. لە وڵاتانی دیکەش بەو شێوەیە نییە و تەواو ئازاد نییە."
 
فیلتەرکردنی ئینتەرنێت دوو بواری هەیە؛ لە لایەک سنووردارکردنی ئازادییەکانی خەڵکە و لە لایەکی دیکەوە، زیانی ئابووریی هەیە.
 
عەبدولناسر هیمەتی، وەزیری ئابووری و دارایی ئێران دەڵێت، کەڵک وەرگرتنی 80%ی خەڵکی ئێران لە فیلتەرشکێن بازاڕێکی رەشی گەورەی دروستکردووە و دەیان هەزار ملیار تمەن زیانی بە خاوەن پیشە ئینتەرنێتییەکان گەیاندووە؛ لە لایەکی دیکەشەوە، فیلتەرکردن کۆسپێکی بەردەم گەشەسەندنە، چونکە سنووردارکردنی ئازادییە رەواکانی خەڵک، کاریگەریی خراپ و نەرێنیی لەسەر رەوتی پێشکەوتنی وڵاتەکە دەبێت.
 
هەڵگرتنی فیلتەر لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی باڵای ئینتەرنێتی ئێراندایە، بەڵام دەبێت رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لاریی نەبێت. هەفتەی رابردوو ئەنجوومەنەکە بڕیاری دا لیژنەیەک بۆ ئامادەکردنی قۆناخەکانی کەمکردنەوەی فیلتەر پێکبهێنێت، بڕیارە هەفتەی داهاتوو کۆببێتەوە بۆ باسکردن لەسەر رێکارە پێشنیازکراوەکان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە