04-01-2020
21:21
بەهۆی کوژرانی قاسم سولەیمانی، ئەمومەهدی موهەندیس و چەند چەکدارێکی دیکە نووسینگەی راگەیاندنی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە شەممەوە و بۆ ماوەی سێ رۆژ ماتەمینیی گشتیی راگەیاند.
19:27
میدیاکانی نزیک لە ئێران نووسراوێکیان بڵاوکردووەتەوە و ئاماژە بەوە دەکەن کە وەسێتنامەی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسە و تیایدا باسی لەوە کردووە کە لە کرمان بەخاکبسپێردرێت.
نووسراوەکە شەش نیوە دێڕ (سێ دێڕ)ە و تێیدا هاتووە "هاوسەرەکەم، من شوێنی گۆڕەکەم دەستنیشانکردووە لە گۆڕستانی شەهیدانی کرمان. مەحموود دەزانێ، با گۆڕەکەی من سادە بێ وەکو هاوڕێ شەهیدەکانم".
لەبارەی چۆنێتی ناساندنی قاسم سولەیمانی لەسەر کێلی گۆڕەکەی، لە نووسراوەکەدا هاتووە، وشەی سەرباز قاسم سولەیمانی بنووسرێ و هیچ شتێکی دیکە لە پێش و دوای ناوەکەی نەنووسرێت.
زیاتر بخوێنەوە
16:48
کچەکەی سولەیمانی بۆ رووحانی: کێ تۆڵەی خوێنی باوکم دەکاتەوە؟
سەردانی حەسەن رووحانی، سەرۆکی ئێران بۆ ماڵی قاسم سولەیمانی. وێنە: AFP
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا حەسەن رووحانی، سەرۆکی ئێران لەگەڵ کچێکی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودس دەبینرێت کە لە رووحانی دەپرسێت "ئێستا کێ تۆڵەی خوێنی باوکم دەکاتەوە؟"
لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا کە لەلایەن میدیاکانی ئێرانەوە بڵاوکراوەتەوە، سەرۆکی ئێران بە کچەکەی قاسم سولەیمانی دەڵێت "خوا بتانپارێزێت، خودا ئارامیتان پێ ببەخشێ، خودا قەرەبووی دەکاتەوە. خودا خەمی ئێوە قەرەبوو دەکاتەوە، ئەو شتەی کە لە دەستان داوە قەرەبووی دەکاتەوە".
دوای قسەکانی رووحانی، کچەکەی قاسم سولەیمانی بە رووحانی دەڵێت "بەڕێز رووحانی، کاتێک خوێنی هاوڕێکانی باوکم دەڕژا، باوکم تۆڵەی دەکردنەوە، ئێستا کێ تۆڵەی خوێنی باوکم دەکاتەوە؟"
حەسەن رووحانی لە وەڵامی پرسیاری کچەکەی سولەیمانی دەڵێت "تۆڵە دەکەمەوە، هەمووان تۆڵەی خوێنی باوکت دەکەنەوە. نیگەران مەبن".
13:11
لایەنگرێکی حەشدی شەعبی: پشتیوان بەخوا تۆڵەی خۆمان دەکەینەوە
پەیامنێری رووداو لە بەغدا لەتەنیشت تەرمی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهەدی موهەندیس قسە لەگەڵ لایەنگرانی حەشدی شەعبی دەکات
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا لەتەنیشت تەرمی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهەدی موهەندیس قسە لەگەڵ لایەنگرانی حەشدی شەعبی دەکات و دەڵێت، لە شەقامەکانی بەغدا بە هەزاران لایەنگر و چەکداری حەشدی شەعبی لە رێوڕەسمەکەدا بەشدارن و زۆر بەتووندی درووشم لەدژی ئەمریکا دەڵێنەوە.
لایەنگران و چەکدارانی حەشدی شەعبی داوا دەکەن بەتووندی بەرپەرچی ئەو هێرشەی رۆژی هەینی بدرێتەوە کە بووە هۆی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهەدی موهەندیس.
یەکێک لە لایەنگرانی حەشدی شەعبی دەڵێت، پشتیوان بەخودا تۆڵەی خۆمان دەکەینەوە و ناهێڵین خوێنی شەهیدەکانمان بەفیڕۆبچێت.
لایەنگرێکی دیکەی حەشدی شەعبی داوا لە حکومەتی عێراق و کاربەدەستانی باڵا دەکات، بەپەلە بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بدەن.
11:22
عادل عەبدولمەهدی لە رێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق لە مەراسیمی بەڕێکردنی تەرمی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و ژمارەیەک فەرماندەی ئێرانی و حەشدی شەعبی کە لە هێرشی رۆژی هەینی 03-01-2020 کوژران، بەشدارە.
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق پێشتر لەبارەی کوژرانی قاسم سولەیمانی رایگەیاندبوو "بەتووندترین شێوە ئیدانەی ئەو کارە دەکەم، ئەمە کارێکی دووژمنکارانەیە و دژ بە سەروەری عێراقە، ئەم هێرشەی ئەمریکا پێشێلی ئەو رێککەوتنە دەکات کە رێگەیداوە بەبوونی هێزی ئەمریکی لە عێراق".
زیاتر بخوێنەوە
10:20
تەرمی قاسم سولەیمانی لەسەر وەسیەتی خۆی دەبرێتەوە کرمان
تەرمی قاسم سولەیمانی لە رێوڕەسمێکدا لە شوێنی لەدایکبوونی خۆی لە شاری کرمان بە خاکدەسپێردرێت
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە کە تەرمی قاسم سولەیمانی لە شوێنی لەدایکبوونی خۆی لە کرمان دەنێژرێت.
ماڵباتی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران بە میدیاکانی ئێرانیان راگەیاندووە، تەرمی قاسم سولەیمانی لە رێوڕەسمێکدا لە شوێنی لەدایکبوونی خۆی لە شاری کرمان بە خاکدەسپێردرێت.
ئەمڕۆ شەممە لە بەغدا تەرمی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس و کوژراوەکانی دیکە لە رێوڕەسمێکدا لە بەغداوە دەبرێنە کەربەلا، بڕیاریشە سبەی یەکشەممە تەرمی قاسم سولەیمانی و ئەو ئێرانیانەی دیکە کە لە بۆردوومانەکەی ئەمریکا کوژراون بنێردرێنەوە ئێران.
لە ئێران لە چەند شوێنێکی جیاواز پرسە بۆ قاسم سولەیمانی دادەنرێت، بڕیارە رۆژی یەکشەممە 05-01-2020 لە پارێزگای مەشهەد، دووشەممە لە تاران و سێشەممەش لە پارێزگای کرمان رێوڕەسمی پرسەکەی بەڕێوەبچێت.
زیاتر بخوێنەوە
09:47
رێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لە بەغدا
مەهدی موهەندیس لە نەجەف بەخاکدەسپێردرێت و قاسم سولەیمانیش دەگەڕێندرێتەوە بۆ ئێران و رۆژی یەکشەممە لە پارێزگای کرمان بەخاکدەسپێردرێت
ئەمڕۆ شەممە رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس و کوژراوەکانی دیکەی هێرشی ئەمریکا، لە بەغدا بەڕێوەبچێت.
حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، تەرمی ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە گۆڕستانی وادی سەلام لە نەجەف بە خاک دەسپێردرێت.
بنەماڵەی قاسم سولەیمانی رایگەیاندووە، رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی قاسم سولەیمانی رۆژی یەکشەممە 05-01-2020 لە زانکۆ تاران بەڕێوەدەچێت. بەگوتەی بنەماڵەی سولەیمانی، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی لەسەر تەرمی سولەیمانی نوێژ دەخوێنێت.
لە ئێران لە چەند شوێنێکی جیاواز پرسە بۆ قاسم سولەیمانی دادەنرێت، بڕیارە رۆژی یەکشەممە 05-01-2020 لە پارێزگای مەشهەد، رۆژی دووشەممە لە تاران و رۆژی سێشەممەش لە پارێزگای کرمان رێوڕەسمی پرسەکەی بەڕێوەبچێت.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 03-01-2020 لە بۆردوومانێکی فڕۆکەکانی ئەمریکا، قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس و ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و ژمارەیەک فەرماندەی ئێرانی و حەشدی شەعبی کوژران.
نووسینگەی فەرماندەیی هێزی سوپای قودس ناوی کوژراوانی هێرشەکەی ئەمریکای راگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد پێنج ئێرانی و پێنج عێراقی لە هێرشەکەدا کوژراون. بەپێی راگەیێندراوەکە، عەمید حوسێن جەعفەری نیا، عەقید شەهرود مزەفەری نیا، رائید هادی تارمی و نەقیب وەحید زەمانییان لەو هێرشەدا لەگەڵ قاسم سولەیمانی کوژراون. لە هێرشەکەدا جگە لە ئەبومەهدی موهەندیس، چوار ئەندامی دیکەی حەشدی شەعبیش کوژراون.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ (شەممە 04-01-2020) کاروانێکی دیکەی حەشدی شەعبی کرایە ئامانج، بەڵام هێشتا ئاماری کوژراوەکانی تەواو دیار نییە. حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بە ئامانجکردنەکە کرد و میدیای فەرمیی عێراقیش بڵاویکردەوە، هێرشێکی ئاسمانی بووە و لەلایەن ئەمریکاوە ئەنجامدراوە.
لە راگەیێنراوەکەی حەشدی شەعبیدا هاتووە، بەگوێرەی هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکەیان بۆردوومانەکە کاروانێکی تەندروستی هێزەکانییانی لە نزیک یاریگەی تاجی لە بەغدا کردووەتە ئامانج. بەرپرسێکی پۆلیس رایگەیاند، بۆردوومانەکە لە باکووری بەغدا ئەنجامدراوە و بەو هۆیەوە ژمارەیەک کەس کوژراون و برینداربوون.
بەرپرسێکی دیکەی عێراقیش رایگەیاند، بۆردوومانەکە کاژێر 1:12 خولەک ئەنجامدراوە و لە ئەنجامدا دوو ئۆتۆمبێل سووتاون.