رێبەری ئێران بەسەر تەرمی سولەیمانی و هاوڕێکانییەوە نوێژدەکات

06-01-2020

20:53

فەرماندەیەکی سوپای پاسداران: بە کوشتنی ترەمپیش دڵمان ئاو ناخواتەوە

پێشوازیکردن لە تەرمی قاسم سولەیمانی لە تاران. وێنە: AFP
پێشوازیکردن لە تەرمی قاسم سولەیمانی لە تاران. وێنە: AFP
 
ئەمڕۆ دووشەممە تەرمی قاسم سولەیمانی لەڕێگەی فڕۆکەخانەی مێهراباد گەیشتە تاران و بەنێو ئاپوورای خەڵک سوڕێندرایەوە. تەرمی قاسم سولەیمانی لەگەڵ ئەبو مەهدی موهەندیس برایە مزگەوتێک و عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران لەکاتی نوێژ لەسەرکردنی گریا.
 
بڕیاریشە سبەی سێشەممە تەرمی قاسم سولەیمانی ببردرێتە شاری کرمان کە شاری لەدایکبوونیەتی و لەوێ بنێژرێت.
 
زەینەب سولەیمانی، کچی قاسم سولەیمانی لەکاتی پێشوازیکردن لە تەرمی باوکی گوتی "خێزانەکانی سەربازە ئەمریکییەکان لە رۆژئاوای ئاسیا کە لە گۆڕەپانەکانی شەڕ لە سووریا، عێراق، لوبنان، ئەفغانستان، یەمەن و فەلەستین، سەرشۆڕ بوون لەمەولا رۆژەکانیان لە چاوەڕێی مردنی رۆڵەکانیاندا بەڕێدەکەن".
 
حەسەن رووحانی، سەرۆکی ئێران کە بەشێکە لە باڵی میانڕەوی ئەو وڵاتە بە تووندی چووەتە سەر هێڵی بەرپەرچدانەوە و رووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا. رووحانی لە توویتێکیدا گوتی "ئاڵای فەرماندە سولەیمانی لە بەرگریکردن لە یەکپارچەیی خاکی وڵات، دژ بە تیرۆر و پەڕگیریی ناوچەکە، جارێکی دیکە بەرزدەکرێتەوە و درێژەش بە رێگەی بەرخۆدان دژ بە دەستدرێژییەکانی ئەمریکا دەدرێت. وڵاتی مەزنی ئێران، تۆڵەی ئەم تاوانە قێزونە دەکاتەوە".
 
هاوکات ئەمیرعەلی حاجیزادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران دەڵێت "تۆڵەسەندنەوە بۆ خوێنی شەهید سولەیمانی بە هاویشتنی چوار دانە مووشەک و تۆپبارانکردنی بنکەیەکی سەربازی و تەنانەت بە کوشتنی خودی ترەمپیش ناسەندرێتەوە و بەهای خوێنی ئەو شەهیدەیان نییە. تاکە شت کە شیاوی وەڵامی ئەو تاوانە بێت، نەهێشتنی تەواوی بوونی ئەمریکایە لە ناوچەکە و دەرکردنیان و نەهێشتنی شەڕانگێزی ئەوان بەسەر گەلی بێتاوانی ئەم ناوچەیە".
 
ئیسماعیل قائانی، جێگری سولەیمانییە کە لەلایەن رابەری ئێران لە شوێنی سولەیمانی دانراوە و باوەڕیشیان هەیە کە نەیەڵن بۆشایی نەمانی سولەیمانی بە بەتاڵی بمێنێتەوە گوتی "بەڵێنی ئێمە، یەکەم ئەوەیە رێگەی شەهید سولەیمانی درێژە پێدەدەین و پشت بە خودا بە چەند هەنگاوێکی دیاریکراو کۆتایی بە بوونی ئەمریکا لە ناوچەکە دەهێنین و بەرەو حکومەتی جیهانی ئیمام مەهدی، ئیمامولزەمان هەنگاو دەنێین".

 

زیاتر بخوێنەوە

18:51

پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ قاسم سولەیمانی و مەهدی موهەندیس تەواوبووە

خەڵک لە پێشوازی تەرمی قاسم سولەیمانی وێنەی قاسم سولەیمانی و مەهدی موهەندیسیان بەرزکردووەتەوە. وێنە: AFP

رووداو - هەولێر 

 

حەشدی شەعبی رایدەگەیێنێت، ئەنجامی پشکنینی دی ئێن ئەی ئەبو مەهدی موهەندیس، قاسم سولەیمانی و محەممەد رەزا، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی حەشدی شەعبی تەواوبووە و بەشەکانی جەستەیان لێک جیاکراونەتەوە.
 
ئەنجامدانی پشکنینی دی ئێن ئەی لە تاران بووە. لە راگەیێندراوەکەیدا حەشدی شەعبی ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەی سێشەممە، کاژێر 08:00ـی بەیانی لەرێگەی دەروازەی سنووریی شەلەمچە تەرمی مەهدی موهەندیس دەگەڕێندرێتەوە بەسرە و دواتر دەگوازرێتەوە بۆ نەجەف.
 
پێشتر مەهدی موهەندیس داوای کردبوو لە گۆڕستانی وادی سەلام بنێژرێت، حەشدی شەعبی دەڵێت، لەسەر داوای خۆی لەو گۆڕستانە کە دەکەوێتە نەجەف، دەنێژرێت.

 

 

زیاتر بخوێنەوە

11:41

خامنەیی لەسەر تەرمی سولەیمانی گریا

خامنەیی لەکاتی نوێژکردن بەسەر تەرمی قاسم سولەیمانی و هاوڕێکانی
خامنەیی لەکاتی نوێژکردن بەسەر تەرمی قاسم سولەیمانی و هاوڕێکانی
 
بە ئامادەبوونی سەدان هەزار کەس لە خەڵکی پایتەخت و بەرپرسانی باڵای حکومەت و فەرماندە سەربازییەکانی ئێران، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران نوێژی بەسەر تەرمی قاسم سولەیمانی، مەهدی موهەندیس و چوار کوژراوی دیکەی هێرشەکەی ئەمریکا لە بەرەبەیانی رۆژی 3-1-2020 کرد.
 
عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە رووداوێکی کەم وێنەدا لەکاتی نوێژکردن بەسەر تەرمی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداراندا بەکووڵ دەگریا.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەرمی قاسم سولەیمانی، چوار ئەندامی دیکەی سوپای پاسداران و ئەبومەهدی موهەندیس گەیشتنە تاران و رێوڕەسمی نوێژکردن لەسەر تەرمەکانیان لە زانکۆی تاران بەڕێوەچوو.
 
هەر ئەمڕۆ بڕیارە تەرمی سولەیمانی ببردرێتە شاری قوم لە باشووری تاران.
 
سبەی سێ شەممە تەرمی قاسم سولەیمانی دەبردرێتە شاری کرمان کە شاری لەدایکبوونیەتی و لەوێ بەخاکدەسپێردرێت.

 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

08:30

رێبەری ئێران بەسەر تەرمی سولەیمانی و هاوڕێکانییەوە نوێژدەکات

ساتی نوێژکردنی خامنەیی لەسەت تەرمی سولەیمانی و هاوڕێکانی
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەرمی قاسم سولەیمانی، چوار ئەندامی دیکەی سوپای پاسداران و ئەبومەهدی موهەندیس گەیشتنە تاران و لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆوە رێوڕەسمی نوێژکردن لەسەر تەرمەکانیان لە زانکۆی تاران دەستیپێکردووە.
 
بڕیارە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر تەرمەکانیان نوێژ بکات و دواتر دەبردرێنە شاری قوم لە باشووری تاران.
 
رۆژی سێشەممە 7-1-2020 تەرمی قاسم سولەیمانی دەبردرێتە شاری کرمان کە شاری لەدایکبوونیەتی و لەوێ بەخاکدەسپێردرێت.
 
 
 
زیاتر بخوێنەوە