وەزیری دەرەوەی ئێران: لەکاتی گونجاودا وەڵامی ئیسرائیل دەدەینەوە

دوێنێ کاژێر 11:33
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، سوپای وڵاتەکەی لە کات و دۆخی گونجاودا وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیل دەداتەوە.
 
رۆژی سێشەممە 19ی تشرینی دووەم، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "دوای دوایین هێرشی ئیسرائیل، بە هەموو جیهانمان راگەیاند ئەمە هێرشێکی نوێیە و کۆماری ئیسلامی وەڵامدانەوە بە مافی رەوای خۆی دەزانێت. سیاسەتی بەرگریی کۆماری ئیسلامیش ئەوەیە، هیچ دەستدرێژییەک بۆ سەر خاکی ئێران بێ وەڵام ناهێڵێتەوە."
 
دوو رۆژ لەمەوبەر لە کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندەکانی سوپای پاسدارانیش عێراقچی رایگەیاند، "دەبێت وەڵامدانەوەی ئێران بۆ ئیسرائیل بە شێوەیەکی هۆشیارانە بێت، چونکە ئیسرائیل بەدوای شەڕدا دەگەڕێت و دەیەوێت ئەمریکا بێنێتە نێو شەڕەکە." گوتیشی، "وەڵامی هەموو هێرشەکانی ئیسرائیلمان لە کاتی گونجاودا داوەتەوە و رێگریمان لە گەورەبوونی شەڕیش کردووە."
 
حکومەتی ئێران لە دوایین هێرشی بۆ سەر ئیسرائیل کە بە "بەڵێنی سادق 2" ناوی برد، نزیکەی 180 مووشەکی بالیستی ئاڕاستەی ئیسرائیل کرد.
 
لە وەڵامی ئەو هێرشەدا سوپای ئیسرائیل لە 26ی مانگی رابردوودا هێرشی کردە سەر چەند دامەزراوەیەکی سەربازیی ئێران.
 
ئیسرائیل هەڕەشە دەکات و دەڵێت، ئەگەر ئێران هێرش بکاتەوە، وەڵامی تووندتری دەبێت.
 
پێشتریش لە مانگی نیساندا ئێران بە درۆن و مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە